لە عێراق زیاتر لە 30 هەزار کەس بوونەتە قوربانیی مین

رووداو دیجیتاڵ
 
تائێستا زیاتر لە 2100 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە عێراق ماون لە پاشماوەی مین پاک بکرێتەوە کە بەهۆیەوە زیاتر لە 30 هەزار کەس بوونەتە قوربانی.
 
فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق دەڵێت، پەیوەندییەکی نایابیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و بەم نزیکانە یاداشتیان لەگەڵ واژۆ دەکەن.
 
مستەفا حەمید، بەڕێوەبەری بەشی هۆشیاری و راگەیاندن لە فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق رۆژی شەممە 23-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆژەی ستراتیجیمان هەیە لەوانە رێگەی پەرەپێدان، ئێستا کار بۆ پاککردنەوەی ئاراستەی رێگاکە دەکرێت لە مین و پاشماوەکانی جەنگ، هەروەها هەندێک پرۆژەی دیکە هەیە کە پەیوەستە بە پاککردنەوەی بیابانی موسەننا، پرۆژەی هێڵی ئاسنی بەسرە- شلامچە، هەموو ئەو پرۆژانە چاوەڕێی خەرج کردنی پارە دەکات کە لە چوارچێوەی یاسای بودجە پەسندکراوە.
 
بەڕێوەبەری بەشی هۆشیاری و راگەیاندن لە فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق گوتی، تائێستا زیاتر لە 2100 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە تەواوی عێراق ماوە پاکبکرێتەوە لە کۆی زیاتر لە 6450 کلیۆمەتر چوارگۆشە کە لە 2003 دیاری کرابوو، بەم شێوەیە 57% رووبەری زەوی لە پاشماوەی جەنگی پاککراونەتەوە.
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، مستەفا حەمید دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان دەزگای گشتی کاروباری مین لە 1992 دامەزراوە و لەلایەن وڵاتی بەخشەر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆمەک کراوە. هێشتا 200 کلیۆمەتر چوارگۆشە لە هەرێمی کوردستان ماوە کە لە پاشماوەی جەنگی پاک بکرێتەوە. ئێستاش پەیوەندییەکی نایابمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە".
 
ناوبراو دەشڵێت، "فەرمانگەی کاروباری مین دەسەڵاتێکی نیشتمانییە، بەرپرسە لە هەموو مینی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە، بەم نزیکانە یاداشتی لێکتێگەیشتن و بەڵگەنامەی هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ دەکەین".
 
بەڕێوەبەری بەشی هۆشیاری و راگەیاندن لە فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق باس لەوەدەکات، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو پرۆگرامەیان تائێستا زیاتر لە 30 هەزار قوربانی پاشماوەکانی جەنگ بە مردن و برینداربوون تۆمارکراون. بەرنامەیەکیان هەیە بۆ هاوکاریکردنی قوربانییەکان کە وەزارەتی تەندروستی پێویستی تەندروستیان بۆ دابین دەکات، هەروەها زەوی نیشتەجێبوون و مووچەیان پێدەدرێت و ئاسانکارییان بۆ دەکردێت بۆ هێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت.