دەستپێشخەرییەکەی سوودانی: بەربژێری سەرۆکوەزیران لەلایەن پێکهاتەیەکی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە پاڵپشتی بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرکردایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، دەستپێشخەرییەکی پێنج پێوەرى بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران خستە بەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە تێیدا داوا کراوە رێز لە ئیرادەی دەنگدەر بگیرێت و بەربژێرەکە لەلایەن یەکێک لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانێتییەکەوە پاڵپشتی بکرێت.
شەوی 22ی کانوونی یەکەمی 2025، ئەو هاوپەیمانێتییە لە راگەیێنراوێکدا ناوەڕۆکی ئەو دەستپێشخەرییەی بڵاوکردەوە کە خستوویەتییە بەردەم هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
دەستپێشخەرییەکە پێنج پێوەر لەخۆدەگرێت بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، پێوەرەکان بریتین لە:
1- رێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەر لە رێگەی دیاریکردنی بەربژێرێک کە متمانەی گەلی هەبێت.
2- بەربژێری سەرۆکوەزیران ئەزموونێکی سەرکەوتووی هەبێت لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پێگەی جێبەجێکاری.
3- تێڕوانینێکی واقیعی و بەرنامەیەکی حکومەتیی هەبێت کە بگونجێت لەگەڵ ئاڵنگارییەکانى قۆناخی داهاتوو.
4- ئەو بەربژێرە جێگەی رەزامەندیی نیشتمانی بێت.
5- بەربژێرەکە بەفەرمی لەلایەن یەکێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە پشتگیریی بەربژێربوونی بکرێت.
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەکرێت یەکێک لە کەسایەتییەکان بەربژێر بکرێت ئەگەر لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا سازان بکرێت لەبارەی رێکارێکی یەکگرتوو بۆ بەربژێرکردن، لەگەڵ پابەندبوونی تەواو بەوەی کە پێکهێنەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەری رێکدەکەون و پەنابردن بۆ هاوکێشەیەکی سیاسی، کە گەرەنتیی هاوسەنگی و سەنگى هەڵبژاردن بکات لەناو چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکە.
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە 46 کورسیی بەدەستهێناوە، بە فەرمی محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر کردووە.