بە هاوکاری عێراق، سووریا چوار بازرگانی نێودەوڵەتیی مادەی هۆشبەری دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، لەسەر بنەمای زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەوان، دەسەڵاتدارانی سووریا چوار بازرگانی "نێودەوڵەتی"ـیان دەستگیرکردووە کە 200 هەزار دەنک حەبی کاپتاگۆنیان پێبووە و ویستوویانە رەوانەی عێراقی بکەن.
رۆژی دووشەممە 22-12-2025، عەمید زیاد قەیسی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستگیرکردنی ئەو تۆڕە لە ئەنجامی "هاوکاریی بەرهەمدار"ـی نێوان ئەوان و کارگێڕیی بنبڕکردنی مادە هۆشبەرەکانی سووریا بووە.
بەگوێرەی قسەی عەمید زیاد قەیسی، لە رێگەی دەزگای هەواڵگریی عێراقەوە زانیاریی ورد دراوەتە لایەنی سووری؛ بەو هۆیەشەوە توانراوە ئەو باندە لەبەریەک هەڵبوەشێنرێتەوە کە ئەندامەکانی چوار بازرگانی نێودەوڵەتیی داواکراو بوون و بڕی 200 هەزار دەنک حەبی کاپتاگۆنیان پێبووە.
وەزارەتى ناوخۆى سووریا لە راگەیێنراوێکدا وردەکاریی رێڕەوی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکەی ئاشکرا کردووە و دەڵێت: "ئەو تۆڕە مادە هۆشبەرەکەیان لە لوبنانەوە بردووەتە سووریا، بە مەبەستی ئەوەی لەوێوە بە قاچاخ بیهێننە نێو خاکى عێراقەوە."
ئەمە یەکەمجار نییە هەوڵی هێنانی مادەی هۆشبەر لە سووریاوە دەدرێت؛ پێشتر لە 3ی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بە رووداوی راگەیاندبوو، هەوڵێکیان بۆ دزەپێکردنی 18 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری کاپتاگۆن پووچەڵکردووەتەوە کە لە خاکی سووریاوە ئاراستەی عێراق کرابوو.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان جەختی کردەوە، تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان رادەستی دادگە دەکرێن بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.