رەوتی حیکمە: ڤیتۆ لەسەر هیچ بەربژێرێکی پۆستی سەرۆکوەزیران نەماوە و مالیکی و سوودانی لە پێشەوەن

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە رایدەگەیێنێت، لە دوای دانیشتنی دووەمی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هیچ ڤیتۆیەک لەسەر هیچ بەربژێرێک نەماوە و ئێستا "نووری مالیکی" و "محەممەد شیاع سوودانی" بەربژێری سەرەکین بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، جەختیش دەکاتەوە ئەگەر لەناو چوارچێوەکەدا نەگەیشتنە رێککەوتن، پەنا بۆ "بەربژێری سازان" دەبەن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە (23-12-2025)، رەحیم عەبودی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەردەوامن و بوونەتە دانیشتنی خولی، ستراتیژییەتێک دانراوە بۆ یەکلاکردنەوەی شێوازی حکومەتی داهاتوو و دەستنیشانکردنی کەسایەتی سەرۆکوەزیران بەپێی ئەو پێوەرانەی مەرجەعییەت و شەقام داوای دەکەن."
 
"ڤیتۆ هەڵگیراوە و مالیکی و سوودانی لە پێشەوەن"
 
سەبارەت بە بوونی هێڵی سوور لەسەر بەربژێرەکان، عەبودی رایگەیاند: "لە دوای دانیشتنی دووەمی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گەڕانەوەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان، هەموو ڤیتۆکان لابراون."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێستا کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان دوو بەربژێردایە: "بەربژێری دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکییە، لەگەڵ بەربژێری هاوپەیمانیی بونیاتنانەوە و گەشەپێدان، کە محەممەد شیاع سوودانییە." هاوکات ئاشکرای کرد کە دوو ناوی دیکەش وەک "بەربژێری سازان" لە ئارادان، کە بریتین لە "حەیدەر عەبادی و عەلی شوکری"، بەڵام ئەمانە هێشتا لە قۆناخی گفتوگۆی ناوخۆییدان و فەرمی نین.
 
"پێویستمان بە بەربژێری کۆدەنگییە"
 
ئەو ئەندامەی رەوتی حیکمە جەختی لەوە کردەوە، کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەدوای "تیمێکی پیشەیی"ـدا دەگەڕێت نەک تەنیا سەرۆکوەزیرانێک. گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت بەربژێرەکە کۆدەنگی لەسەر بێت و پاڵپشتی هەموو لایەنەکانی چوارچێوەی هەبێت، چونکە ئەگەر بەبێ کۆدەنگی بچینە پێشەوە، حکومەتی داهاتوو تووشی کێشە و بەربەست دەبێتەوە."
 
سەرۆککۆمار و پرسی کورد
 
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار و کێبڕکێی نێوان پارتی و یەکێتی، رەحیم عەبودی رایگەیاند، چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێز لە "نەریتی سیاسی" دەگرێت، کە پۆستی سەرۆککۆمار پشکی پێکهاتەی کوردە. گوتیشی: "جووڵەکانی بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا و دیدارەکانی لەگەڵ لایەنە شیعەکان و سوننەکان، بۆ جەختکردنەوەیە لەسەر مافی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە."
 
عەبودی پێیوایە ئەگەر کورد بە یەک بەربژێر نەچنە بەغدا، ئەوا سیناریۆی 2018 دووبارە دەبێتەوە و پەرلەمانتاران لەناو هۆڵی پەرلەماندا یەکلایی دەکەنەوە کێ دەبێتە سەرۆککۆمار.
 
"هەواڵی جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار بۆ ئەسەدی راست نییە"
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەنگۆی وەرگرتنی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار لەلایەن ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی گردبوونەوەی سەنەد، عەبودی رەتیکردەوە هیچ شتێکی فەرمی لەوبارەیەوە هەبێت و گوتی: "ئەمە تەنیا قسەی میدیایە و هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی لە هاوپەیمانیی بونیاتنانەوە و گەشەپێدان یان خودی ئەسەدی دەرنەچووە، ئەگەرچی کێبڕکێ بۆ ئەو پۆستەش هەیە."
 
لەکۆتاییدا عەبودی دووپاتی کردەوە، کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەپەرۆشە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک، کە توانای چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییەکان و دۆسیەکانی گەندەڵی هەبێت.