سەدر لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی دەستگیرکراو و داواکراوانی رەوتەکەی پێکدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی دەستگیرکراوان و داواکراوانی رەوتەکەی پێکدەهێنێت. ئەندامێکی رەوتەکەش دەڵێت، گرنگترین کاری لیژنەکە بەدواداچوونە بۆ دۆسیەی داواکراوان.
نووسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە نووسراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لەسەر بنەمای راسپاردەی موقتەدا سەدر، لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی دەستگیرکراوان و داواکراوانی رەوتی نیشتمانیی شیعە پێکهێنراوە.
سەرچاوەیەک لە رەوتی نیشتمانیی شیعە بە رووداوی راگەیاند، "داگیرکەری ئەمریکا لە دوای 2003 هەزاران کەسی بە تۆمەتی چەکداری مەهدی دەستگیرکرد، کە زۆریان هاووڵاتی سڤیل بوون و تەنیا خۆشەویستییان بۆ سەدر هەبوو."
ئەو سەرچاوەیەی رووداو دەڵێت، "2010 لیژنەیەک پێکهێنرا و زۆربەی دەستگیرکراوان ئازادکران و ئێستا تەنیا چەند کەسێک لە زیندانەکان ماونەتەوە و ئەم لیژنەیە بەدواداچوون بۆ کەیسی ئەوانە دەکات." گوتیشی: "گرنگترین کاری ئەم لیژنەیە بەدواداچوونە بۆ ئەو فەرمانی گرتنانەی کە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی سەدر دەرچووە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دەرچوونیان دەکرێت."
رەوتی سەدر لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، لەساڵی 2004 و 2008 و 2009 چووە شەڕی بەردەوام لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و لیوای یەومی مەوعودی دامەزراند و دواتر بووە سوپای مەهدی کە لەگەڵ حکومەتی عێراقیش بەشەڕهاتن و لە رووداوەکانی 2006 تاوەکو 2008 کە بەجەنگی نێوخۆیی عێراق هەژماردەکرێت، بە سەدان چەکداری کوژران و بەشێکیشیان دەستگیرکران.