لە هێرشەکانی ئەمریکادا چەکدارێکی کەتایب حیزبوڵڵا کوژرا

رووداو دیجیتاڵ
 
 سوپاى ئەمریکا دوو پێگەى کەتایب حیزبوڵڵای سەر بە حەشدی شەعبی لە ئەنبار و بابل بۆردوومان کرد، بەگوێرەى زانیارییە بەراییەکان چەکدارێکى ئەو گروپە کوژراوە و چوارى دیکە بریندار بوون.
 
بەرەبەیانى ئەمڕۆ 24ى کانوونى دووەمى 2024، سووپاى ئەمریکا دوو بارەگاى حەشەدی شەعبی لە هەردوو پارێزگاى بابل و ئەنبار بۆردوومانکرد.
 
 یەکێک لە هێرشەکان پێگەیەکى کەتایب حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج لە ناوچەى سیکەک لە  قەزاى قائیم لە پارێزگاى ئەنبار، هێرشی دووەم لە سنوورى جورف سەخر بووە لە پارێزگاى بابل.
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییە بەراییانەى کە گرووپەکانى نزیک لە حەشدى شەعبی بڵاویان کردووەتەوە، لە هەردوو هێرشەکەدا چەکدارێک کوژراوە و چوارى دیکە بریندارن.
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى حەشدی شەعبی رایگەیاند، لە هێرشەکەى سوپاى ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکەیان لە ئەنبار چەکدارێکیان بە ناوى عەلى ئەنوەر سەبیح ساعیدی کوژراوە.
 
لە پاش هێرشەکە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشانە وەڵامێکی راستەوخۆن بۆ زنجیرەیەک هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا لەلایەن ئەو هێزانەوە کە ئێران سپۆنسەریان دەکات.
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئەوەشی گوت، خۆی و سەرۆکی ئەمریکاش دوودڵ نابن لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانیان و بەرژەوەندییەکانیان. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە بەدوای ئەوەوە نین گرژییەکان لە ناوچەکە زیاد بکەن.