هۆڵێکى پەرلەمانى عێراق بەناوى ئەبوو مەهدى موهەندیسەوە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری موحسین مەندەلاوى، یەکێک لە هۆڵەکانى پەرلەمانی عێراق بە ناوى ئەبوو مەهدى موهەندیس، جێگرى پێشووى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی دەکرێت، کە ساڵی 2020 لە بۆردوومانێکى سوپاى ئەمریکادا لە بەغدا کوژرا.
بەگوێرەى نووسراوێک کە نازم ساعدی، بەڕێوەبەرى نووسینگەى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان ئاراستەى ئەمیندارى گشتیى پەرلەمانى کردووە، تێیدا فەرمانێکى موحسین مەندەلاوى، لە برى سەرۆکى پەرلەمانى پێ راگەیاندوون بۆ ئەوەى ناوى هۆڵى ژمارە سێى پەرلەمان بە ناوی ئەبوو مەهدى موهەندیس، جێگرى پێشووى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی بکرێت. هەر بەپێی بڕیارەکە، تابلۆیەکى گوزارشتئامێز بە دەرگەى هۆڵەکەوە هەڵدەواسرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، هۆڵى سێ، کە بە "شەبیبە" ناودەبرێت، تایبەتە بۆ میوانداریکردنى میوانانى دەرەوە و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیرانى حکومەتى عێراق.
رۆژی سێی کانوونى دووەمى 2020، لە بۆردوومانێکی سوپای ئەمریکادا لەنزیک فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی بەغدا، هەریەک لە ئەبوو مەهدى موهەندیس، جێگرى پێشووى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەى پێشووى فەیلەقى قودسی سوپاى پاسدارانى ئێران کوژران.