چاوەڕوان دەکرێ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تاوتوێکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تاوتوێکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە. بەرپرسێکی رێکخراوی بەدریش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە بە دروستبوونی کۆدەنگی لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەبەستێتەوە.
 
محەممەد حوسام حوسێنی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم، ئەمڕۆ شەممە 24-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببێتەوە و پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوتوێ بکات."
 
هاوکات ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری ئەمڕۆ شەممە 24-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر کۆدەنگی لەسەر بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دروستبوو، ئەوا چوارچێوەی هاوئاهەنگیی کاژێر حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە نووسینگەی هادی عامری کۆدەبێتەوە."
 
پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق پشکی شیعەکانە و تاوەکو ئێستا نووری مالیکی وەک تاکە بەربژێری ناوی دەهێنرێ بۆ ئەو پۆستە، ئەوەش دوای ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی لە بەربژێربوون بۆ ئەو پۆستە لە بەرژەوەندی نووری مالیکی کشایەوە.