وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رووداو: لە 7000 هەزار چەکدارە پێشووەکەی داعش نزیکەی دوو هەزاریان عێراقین
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق دەڵێ، ئەگەر دۆخی ئەمنیی سووریا ئاسایی بێتەوە و هەسەدە بچێتەوە شوێنی دەسەڵاتی پێشووی، ئەوا هێنانەوەی چەکدارە پێشووەکانی داعش رادەگرن.
فەریقی یەکەمی روکن، د. قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رۆژانی ئایندەدا هاوئاهەنگی دەکەین بۆ هێنانەوەی کاروانی دیکەی چەکدارەکانی پێشووی داعش."
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان گوتی: "کاروان بە کاروان دەیانهێنینەوە و هێنانەوەیان کەوتووەتە سەر دۆخی سووریا. ئەگەر دۆخەکە هێور بێتەوە و هەسەدە ئەو ناوچانەی پێشوو بگرێتەوە دەست، ئەوا هێنانەوەیان رادەگرین."
لە کاروانی یەکەمدا کە رۆژی چوارشەممە گەیێندرانە عێراق، 150 چەکداری پێشووی داعش بوون و بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تەنیا 19یان عێراقین.
هاوکات عەمید میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رووداوی گوت: "لە کۆی 7000 هەزار چەکداری پێشووی داعش، 1500 بۆ 2000ـیان عێراقین و ئەوانی دیکە بیانین."
ئەو چەکدارانە دابەش دەکرێن بەسەر زیندانە تایبەتەکانی عێراق و عەمید میقداد میری رەتی کردەوە هیچکام لەوان ببرێنە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە گواستنەوەی ئەو چەکدارانە دەڵێ: "تیرۆریستە ناعێراقییەکان بە شێوەیەکی کاتی لە عێراق دەبن."
هاوکات، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی هەینی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کرد کە "بەرپرسیارێتی هەڵبگرن" و هاووڵاتییە داعشەکانیان وەربگرنەوە و لە وڵاتانی خۆیان دادگاییان بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانیی خۆی نیشانداوە لە هەواڵی هەڵاتنی چەکدارانی بیانیی داعش لە سووریا و رایگەیاندووە چاودێریی گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ عێراق دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، ئامانجی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکە گواستنەوەی نزیکەی 7,000 زیندانیی داعشە لە سووریاوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق، ئەوەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە مانەوەیان لە ناوەندە ئەمنییە پارێزراوەکاندا و رێگریکردن لە هەر مەترسییەکی بڵاوبوونەوەیان.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقیش رۆژی 23ی ئەم مانگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق و یاسا سزاییە کارپێکراوەکان، دادگەی عێراق دەستی کردووە بە گرتنەبەری رێکاری دادوەریی بەرامبەر بەو تۆمەتبارانەی داعش کە پێشتر لە گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون و رادەستی عێراق کراونەتەوە.