وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق دەچنە پەرلەمان

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، وەزیرانی بەرگری و ناوخۆی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێن بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سنوور و مەترسییەکانی دیوی سووریا؛ ئاماژە بەوەش دەکات : "نیگەرانییەکان لەبارەی دەرچوونی هەزاران چەکداری داعش و سەرکردەکانی قاعیدەیە لە سووریا."
 
بڕیارە سبەی لە پەرلەمانی عێراق، میوانداریی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق بکرێ بۆ ئاگاداربوون لە دوایین زانیارییەکانی سەبارەت بە دۆخی سنوور و ئەو مەترسییانەی بەهۆی رووداوەکانی سووریاوە لەسەر عێراق دروستبوون.
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات وردەکاریی رێوشوێنە ئەمنییەکانی سنووری عێراق و سووریای خستەڕوو و رایگەیاند، سنوورەکە بە خەندەق، دیواری کۆنکرێتی و کامێرای گەرمبینی بەتەواوی کۆنترۆڵ کراوە.
 
سەبارەت بە ئامادەکارییە سەربازییەکانی عێراق، هەرێم کەمال ئاغا گوتی: "لە دوو خولی رابردووی پەرلەمان و وەک ئەندام لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری، چاودێری پرۆسەی تەلەبەندی سنوورمان کردووە. ئێستا خەندەق لێدراوە کە سێ مەتر قووڵ و سێ مەتر پانە، دیواری کۆنکرێتی دانراوە و لە هەر سێ کیلۆمەترێک بنکەیەکی چاودێری هەیە."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوی سنوورەکە بە کامێرای گەرمبین چاودێری دەکرێ کە هەموویان بەستراونەتەوە بە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە بەغدا و دەڵێت: "سنوورەکە بە سێ هێڵی بەرگریی تووندوتۆڵ کراوە. هێڵی یەکەم پاسەوانی سنوور، هێڵی دووەم فیرقەی 15ی سوپا و هێڵی سێیەم حەشدی شەعبییە، جگە لە بوونی هێزێکی یەدەگی گەورە لە ناوچەکانی تەلەعفەر و شەنگال."
 
لەبارەی ئەو دۆخەی لە سووریا هاتووەتە ئاراوە، هەرێم کەمال ئاغا هۆشداری دەدات لەوەی کە مەترسییەکە تەنیا گۆڕانکاری سەربازی نییە، بەڵکو دەرچوونی سەرکردە مەترسیدارەکانی داعشە لە زیندانەکان.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "لە چەند رۆژی رابردوودا بینیمان لەو بەندیخانانەی لە هۆل و شوێنەکانی دیکە بوون، نزیکەی 2000 ئەمیری رێکخراوی قاعیدە و داعش کە لە باغۆز دەستگیرکرابوون، ئازادکران یان بۆ دیمەشق گوێزرانەوە. ئەمە پرسیارێکی گەورە لەسەر پلانی داهاتوو بۆ ناوچەکە دروست دەکات."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی رەخنەی تووندی لە هەڵوێستی وڵاتانی هاوپەیمان و ئەمەریکا گرت و بە "پشتگوێخستنی قوربانییەکان" تۆمەتباری کردن.
 
هەرێم کەمال ئاغا رایگەیاند: "ئەو هاوپەیمانێتییەی کە 15 هەزار قوربانی لە ریزەکانی هەسەدە (کورد و عەرەب) لەپێناو مرۆڤایەتی دا بۆ تێکشکاندنی داعش، ئەمڕۆ پشتگوێ خراوە. ئەمە کاریگەری لەسەر متمانەی تەواوی ناوچەکە بە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێت."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی حیزبەکەی، هەرێم کەمال ئاغا جەختی کردەوە کە یەکێتی بێدەنگ نەبووە و خەمخۆری دۆخی کوردانی رۆژئاوایە.
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "ئەگەر رێگەی یاسایی هەبووایە، بە دڵنیاییەوە هێزی پێشمەرگە بەشداری دەکرد بۆ پاراستنی کوردانی سووریا، بەتایبەت کە دەبینین منداڵانی کورد لە کۆبانێ لە سەرما رەق دەبنەوە. دڵی هەموو تاکێکی کورد و یەکێتی لای خوشک و براکانمانە لە سووریا کە جارێکی دیکە رووبەڕووی مەترسی ئەو هێزە تووندڕەوانە بوونەتەوە کە دوێنێ داعش بوون و ئەمڕۆ بە ناوی دیکەوە دەگەڕێنەوە."