بەربژێرێکی سەرۆککۆمار: پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکبکەون، منیش دەکشێمەوە
رووداو دیجیتاڵ
خالید شێخ سدیق، بەربژێری پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێ، سەردانی وڵاتانی نەکردووە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لەسەر بەربژێربوونەکەی، بەڵام دڵنیایە ئێران و تورکیا و وڵاتانی رۆژئاواش "هیچ ڤیتۆیەکیان لەسەری نییە". ئەو هاونیشتمانییە هۆشداری دەداتە پارتی و یەکێتی کە بە دوو بەربژێرەوە نەچنە بەغدا.
خالید شێخ سدیق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، لە مانگی 11ـی 2024ـەوە دیدگای خۆی وەک نەخشەڕێگایەک پێشکێشی پارتی و یەکێتی کردووە و دواتر پوختەکەشی داوەتە سەرکردایەتیی لایەنە عێراقییەکان.
سەبارەت بەوەی کە ئایا بۆ مسۆگەرکردنی پۆستەکە سەردانی وڵاتانی دراوسێی کردووە، بەتایبەت ئێران و تورکیا، خالید شێخ سدیق گوتی: "بە فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێکیان قسەم نەکردووە و نامەوێ دەستوەردانی هیچ وڵاتێکی تێدابێت، دەمەوێ بڕیارەکە عێراقیی پەتی بێت."
ئەو بەربژێرە گوتی، بەهۆی مێژووی بنەماڵەکەی و دیدگا روونەکەیەوە، لەلایەن ناوەندە سیاسییەکانەوە ناسراوە و ئاماژەی بەوەشکرد: "نە لە لایەن ئەنقەرە، نە لە لایەن تاران، نە لە لایەن ریاز و نە لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواش، هیچ ڤیتۆیەک لەسەر خۆم نابینم."
خالید شێخ سدیق کە خۆی وەک بەربژێرێکی "سازان" و "نیشتمانی" دەبینێت، پێیوایە دۆخی عێراق پێویستی بە کەسێکی نوێیە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان پێکهاتەکان.
سەبارەت بە ململانێی پارتی و یەکێتی، ئەو بەربژێرە هۆشداری دا و گوتی: "پارتی و یەکێتی دۆستی هاوبەشیان لە بەغدا هەیە و ئەگەر بە دوو بەربژێرەوە بچن، دۆستەکانیان ئیحراج دەکەن؛" ئاماژەی بەوەشکرد کە هیوادارە ئەو دوو حیزبە لەسەر بەربژێرێک رێکبکەون، چونکە "عێراق وڵاتی موفاجەئاتە و نازانرێ سبەی چی ڕوودەدات."
سەبارەت بە ئەگەرەکانی مانەوەی لە کێبڕکێکەدا، خالید شێخ سدیق رایگەیاند، ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکبکەون، ئەو پیرۆزباییان لێدەکات و دەکشێتەوە، چونکە نایەوێ لە "کۆدەنگی کوردی" دەربچێت، بەڵام ئەگەر بە دوو بەربژێرەوە بچنە بەغدا، ئەو وەک بەربژێرێکی سەربەخۆ دەمێنێتەوە و پێشبینی دەکات ببێتە جێگەی رەزامەندیی لایەنە شیعە و سوننەکان.
خالید شێخ سدیق دەڵێ: "ئەمڕۆ لە کەشتییەکداین کە کێشەی زۆری تێدایە، دەبێت بە نەفەسێکی عێراقییانە هەوڵی رزگارکردنی بدەین."