د. موسەننا ئەمین: کۆی پرۆسەی حوکمڕانیی عێراق عەیبدارە و لە هەڵەیەکی گەورەدایە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئێستا کە دادگەی فیدراڵی بەهۆی خانەنشینبوونی بەشێک لە ئەندامانیەوە ژمارەی یاسایی بۆ کۆبوونەوە نییە، کۆی پرۆسەی حوکمڕانیی عێراق عەیبدارە و لە هەڵەیەکی گەورەدایە.
د. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی رادیۆی رووداو رایگەیاند "ئەگەر فراکسیۆنەکان لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای دادگەی فیدراڵییەوە جیددی بن، دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا هەمواری بکەنەوە. نەمانی دادگەی فیدراڵی نەک تەنیا کێشە بۆ هەڵبژاردن دروستدەکات، بەڵکو کێشەی بۆ تەواوی پرۆسەی یاسادانان و حوکمڕانیی عێراق دروستکردووە. نەمانیشی بۆشاییەکە و پەرلەمان هەڵە دەکات کە بەبێ دادگەی فیدراڵی کار بکات".
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد کە لەکاتی رەخنەگرتن لە یاسایەک یان تانەلێدانی، دەبێت لای لایەنێک یەکلایی بکرێتەوە و دەڵێت "کە ئەو دادگەیە نەبێت، لای کێ یەکلایی دەکرێتەوە؟ خۆ ناکرێت پەرلەمان خۆی کە یاساکەی داناوە، هەر خۆیشی یەکلایی بکاتەوە! دەبێت لایەنێک هەبێت چاودێریی دەستووریبوونی یاساکان بکات. ئەگەر هەرێمی کوردستان و عێراق کێشەیەکیان هەبوو، دەبێت پەنا بۆ دادگەی فیدراڵی ببەن، ئێستا ئەو دادگەیە نییە، کۆی پرۆسەی حوکمڕانی و یاسادانان لە عێراقدا عەیبدارە و لە هەڵەیەکی گەورەدا بەڕێوەدەچێت".
لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراقەوە کە ئێستا ژمارەیەک فراکسیۆن واژۆی بۆ کۆدەکەنەوە، د. موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوە دا، پەرلەمان بە چەند رێکارێک دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خۆی دەدات، یان دەبێت سێیەکی ئەندامانی پەرلەمان واژۆ کۆبکەنەوە یان سەرۆککۆمار یان سەرۆکوەزیران داوای بکەن، یاخود 50+1ی پەرلەمانتاران دەنگی لەسەر بدەن ئەویش لە رێککەوتێکدا بێت کە لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە گونجاو بێت.
د. موسەننا ئەمین ئەوەی روونکردەوە، دوای ئەوەی پەرلەمانیش هەڵدەوەشێنرێتەوە، دەبێت سەرۆککۆمار وادەی هەڵبژاردن دیاری بکات. هاوکات ئەوەشی ئاشکراکرد، دەبێت پەرلەمان لە کاتێکدا هەڵبوەشێنرێتەوە کە بتوانرێت خێرا هەڵبژاردنی پێشوەختە سازبکرێت، بۆئەوەی بۆشایی دەستووری و یاسایی دروست نەبێت، "ئەگەر پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، هیچ دامەزراوەیەکی حکومەت شوێنی پەرلەمان ناگرێتەوە و نابێت بهێڵرێت ئەو بۆشاییە دروستبکرێت".
بە گوتەی د. موسەننا ئەمین، ئەو بیرۆکەیە لە پەرلەمان هەیە کە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکەوێتە چەند رۆژێک بەر لە هەڵبژاردن، بۆئەوەی مسۆگەربێت کە بۆشایی دەستووری و یاسایی دروستنابێت.
لەبارەی هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردییەکان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە کرد، لە بنچینەدا ئەوان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان پێ باش نییە، چونکە دەزانن ئەو دۆخەی دێتە ئاراوە "مسۆگەر نییە کە دۆخێکی باشتر لەم پەرلەمانەی ئێستا بێت، رەنگە خراپتر بێت"، دەشڵێت "من وەکو خۆم، لەدوای ئەم هەڵبژاردنە پێشبینیی باشتر بۆ عێراق ناکەم. لەوە دەچێت دۆخەکە بەرەو خراپتر بڕوات".
د. موسەننا جەختی لەوەش کردەوە "ئەم پەرلەمانەی ئێستا بەو هەموو ساختە و کەموکورتییانەیەوە کە هەیەتی، هەر لە نادیارێکی دوای هەڵبژاردنی نوێ باشترە. ئەمە داوای شەقامی کوردی نییە؛ داوای شەقامی عەرەبییە. بۆیە هیچ حیزبێکی کوردی زۆر جەخت لەسەر کردن و نەکردنی هەڵبژاردن ناکاتەوە".
لە کۆتایی قسەکانیدا، پەرلەمانتارە کوردەکەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، ئەوان کاتی خۆی پێیان باش بووە ئەنجامی هەڵبژاردن پەسند نەکرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات "چونکە پێمانوابوو لە هەڵبژاردندا ساختەکاریی زۆر کراوە. بەڵام کە ئەوە سەرینەگرت، ئێستا ئەم پەرلەمانەی کە هەیە هەر کار بەڕێ دەکات و لە نادیار باشترە".