وەزیری نەوتی عێراق بۆ رووداو: بەمنزیکانە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەینە ئەنجامێک

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری نەوتی عێراق بە رووداوی گوت، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان بۆ هەموارکردنەوەی گرێبەستی ئەو کۆمپانیایانەی لە بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن بە جۆرێک هەموارەکە لەگەڵ دەستوور بگونجێت.
 
دوای بەشداریکردن لە پانێڵێک لە شەشەمین دیداری نێودەوڵەتیی بەغدا کە بەیانیی رۆژی شەممە 24ـی شوباتی 2024، لە بەغدا دەستیپێکرد، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق وەڵامی پرسیارەکانی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداوی دایەوە.
 
لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "پشت بەخودا بەم نزیکانە دەگەینە ئەنجامێک."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و وەزیری نەوتی عێراق:
 
رووداو: سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە کوێ گەیشتوون؟
 
وەزیری نەوت: لە راستیدا ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە گرێبەستی ئەو کۆمپانیانەی کە کار دەکەن، ئەو کۆمپانیایانەی کار لە بەرهەمێنانی نەوت دەکەن، بەئامانجی هەمواری گرێبەستەکان بەشێوەیەک لەگەڵ دەستوری عێراق بگونجێت.
 
رووداو: کەی دەست بەوە دەکرێ؟
 
وەزیری نەوت: گفتوگۆکان بەردەوامن و پشت بەخودا نزیکانە دەگەین بە دەرئەنجامێک.
 
رووداو: هیچ ژمارەیەک دیاریکراوە یان بژاردەکی دیکە بۆ شایستەی کۆمپانیاکان ئاماژەی پێبکەن؟
 
وەزیری نەوت: نەخێر، نەخێر ئەوە بەشێک دەبێ لە گفتوگۆکانمان.
 
هەر ئەمڕۆ لە شەشەمین دیداری نێودەوڵەتیی بەغدادا، حەیان عەبدولغەنی باسی لە هەنگاوەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد.
 
وەزیری نەوتی عێراق گوتی، هۆکاری راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بەهۆی مامەڵەی "تاکلایەنەی تورکیا"وە بوو لە دۆسێی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە.
 
لەبارەی ئاستەنگییەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت، حەیان عەبدولغەنی گوتی، "کێشەکە نێوخۆیی و دەرەکییە، بەهۆی ئەوەی سرووشتی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت لە هەرێم[ـی کوردستان] جیاوازە لەگەڵ سرووشتی گرێبەستەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان کە وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ سەرپەرشتییان دەکات. ئێستا سەرقاڵی دانوستاندنین لەگەڵ ئەو کۆمپانیانە بۆ نوێکردنەوە و هەموارکردنەوەی ئەو گرێبەستانە و گونجاندنیان لەگەڵ دەستووری عێراقی."
 
وەزیری نەوتی عێراق دانوستاندنەکانی بە "ئەرێنی" ناوبرد و گوتی، "پێم وایە کۆمپانیاکان خۆیان لەگەڵ گرێبەستە نوێیەکان دەگونجێنن، چونکە ئامانجی ئەوانیش بەردەوامبوونی بەرهەمهێنانە."
 
لە 25ـی ئاداری ساڵی رابردووەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە و تاوەکو ئەمڕۆ دەستیپێنەکردووەتەوە، ئەوەش کێشەی بۆ بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کێشەی دروستکردووە.