باجی 20%ی ئینتەرنێت کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی گەیاندنی عێراق بە فەرمی کۆمپانیاکانی تایبەت بە هێڵی ئینتەرنێتی لە زیادکردنی باجی 20%ی سەر خزمەتگوزارییەکانیان، ئاگادار کردەوە.
 
نووسراوی سەپاندنی ئەو باجە لە 23ی شوباتی 2026 بە فەرمی لەلایەن کۆمپانیای گشتیی پەیوەندییەکان و زانیاریی سەر بە وەزارەتی گەیاندنی عێراق نێردراوە بۆ کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت.
 
لە نووسراوەکەدا داوا لە کۆمپانیاکان کراوە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جێبەجێ بکەن بۆ گەڕانەوەی کارکردن بە رێژەی 20%ی باج لەسەر نرخی خزمەتگوزاری؛ بەگوێرەی ژمارەی بەشداربووان، نرخی هەر بەشداربوویێک، کە پێویستە بدرێتە کۆمپانیای گشتیی گواستنەوە و زانیاری.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 21ی کانوونی یەکەمی 2025 بڕیاری دا کە کار بە رێژەی 20%ی سەر خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و پەیوەندیی تەلەفۆنی بکرێتەوە کە لە ساڵی 2023ـەوە راگیرابوو.
 
ئەو باجە لەسەر باڵانسی تەلەفۆن و ئینتەرنێتە، لە رێگەی کارت و ئەپڵیکەیشن، بەگوێرەی بڕیاری حکومەت، پارەکە لەلایەن وەزارەتی گەیاندن وەردەگیرێت و دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
 
 17ی شوباتی 2026، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای دوو پەرلەمانتاری لە دژی گەڕانەوەی ئەو 20%ی باجە رەتکردەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەو پرسە لە تایبەتمەندیی دادگاکە نییە.
 
گۆڕانکاری لە نرخەکان بەمجۆرە دەبێت: 
 
کارتی مۆبایل
 
کارتێکی 5,000 دیناری، 1,000 دیناری دەچێتەسەر
کارتێکی 10,000 دیناری، 2,000 دیناری دەچێتەسەر
کارتێکی 15,000 دیناری، 3,000 دیناری دەچێتەسەر
کارتێکی 20,000 دیناری، 4,000 دیناری دەچێتەسەر
 
کارتی ئینتەرنێت
 
کارتێکی 8,000 دیناری، 1,600 دیناری دەچێتەسەر
کارتێکی 18,000 دیناری، 3,600 دیناری دەچێتەسەر
کارتێکی 29,000 دیناری، 5,800 دیناری دەچێتەسەر
کارتێکی 39,000 دیناری، 7,800 دیناری دەچێتەسەر
کارتێکی 59,000 دیناری، 11,800 دیناری دەچێتەسەر