بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگانەی نەینەوا دەگۆڕدرێن کە چوار ساڵ زیاترە لە پۆستەکانیانن


رووداو دیجیتاڵ   

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی ئەو بەڕێوەبەرانەی کە زیاتر لە چوار ساڵە لە پۆستەکانیاندان، هەروەها چاککردنەوە و قیرتاوکردنی رێگەی (شێخان – فایدە)ی پەسندکرد.
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 52ەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد حاسود کرد. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارێک درا سەبارەت بە گۆڕانکاری لە پۆستە کارگێڕییەکان و چەندین دۆسیەی خزمەتگوزاری و ئەمنی .
 
ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر کاراکردنی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دا بۆ دوورخستنەوەی ئەو بەڕێوەبەرانەی کە خزمەتەکەیان لە پۆستەکانیاندا چوار ساڵی تێپەڕاندووە. ئەنجوومەنەکە پارێزگاری نەینەوای پابەند کرد کە لە 15 رۆژدا ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات.
 
سەبارەت بەم بڕیارە، ئەحمەد کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنەکە، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەر بەرپرسێک کە بەهۆی ئەم بڕیارەوە دوور دەخرێتەوە، دەکرێ جارێکی دیکە لە ئەنجوومەن دەنگی لەسەر بدرێتەوە و ماوەکەی بۆ نوێ بکرێتەوە تاوەکو لە پۆستەکەیدا بەردەوام بێت."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەن دەنگی لەسەر تەرخانکردنی بڕی 193 ملیۆن دینار دا بۆ چاککردنەوە و قیرتاوکردنی رێگەی (شێخان – فایدە)، کە تێچووەکەی لە داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی نەینەوا دابین دەکرێ.
 
 هەروەها رەزامەندی لەسەر پلانی نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی شەقامە نێوخۆییەکانی ناحیەی گەیارە درا.
 
کۆبوونەوەکە میوانداریی بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانی، هەواڵگری و شانەی هەڵۆکانی کرد بۆ تاوتوێکردنی دیاردەی "سەرانەوەرگرتنی ئەلیکترۆنی" و پەیجە وەهمییەکان و جەخت لەسەر پاراستنی هاووڵاتیان و رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردانە کرایەوە کە کار دەکەنە سەر پڕۆسەی سیاسی و سەقامگیریی کۆمەڵگە.
 
هەروەها بەڕێوەبەری بنکەی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی نەینەوا میوانداری کرا و ئەنجوومەن پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکان دژی بڵاوبوونەوەی مادە
هۆشبەرەکان دەربڕی.