20 هەزار خێزانی ئاوارەی کورد لە نەینەوا لە قەرەبووی مادەی 140 بێبەش دەبن

رووداو دیجیتاڵ

هەزاران خێزانی کورد کە لە نەینەوا لە سنووری مادەی 140 ئاوارە بوون، قەرەبووی ئەو مادەیە نایانگرێتەوە و پێیانگوتراوە "ناوتان لە ناو کۆمپیوتەردا نییە"  لەگەڵ ئەوەی بە نووسراوی فەرمی ناوچەکانیان وەک ناوچەی کێشەلەسەر ئەژمار کراوە؛ بە گوتەی ئەندامێکی  ئەنجوومەنى پارێزگا ئەو خێزانانە نزیکەى 20 هەزار کەس دەبن.
 
محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی 20 هەزار خێزان کە ئاوارەی گوندەکانی دەوروبەری قەزاکانی حەمدانیە، باشیک و ناحیەی بەرتەلە-ن، کاتێک ویستوویانە قەرەبووی مادەی 140 وەربگرن، پێیانگوتراوە ناویان لە لیستی قەرەبووکردنەوە نییە و دەبوو پێشتر هەبووایە."
 
ئەو خێزانانە کوردى کاکەیی، شەبەک و ئێزیدین؛ لە زیاتر لە 27 گوندی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون.
 
بەگوێرەی مادەی 140، هەر ئاوارەیەک 10 ملیۆن دینار و عەرەبی هاوردە 20 ملیۆن دینار قەرەبوو وەردەگرن.
 
محەممەد کاکەیی یەکێک بووە لەو خێزانە کوردانەی نەینەوا لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس ئاوارە بوون و دەڵێت: "بە نووسراوی فەرمی لە رێگەی ئەنجوومەنى پارێزگاوە داوام لە لیژنەی باڵای مادەی 140 کرد ئەو ناوچانە دیاری بکرێت مادەکە لە نەینەوا دەیانگرێتەوە و ئەو ناوچانەی تێدایە کە ئەو هاووڵاتییە کوردانە لێی ئاوارە بوون."
 
نووسراوەکە لە 30ی تشرینی دووەمی 2025 لەلایەن سکرتێری گشتیی لیژنەی مادەی 140 ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگا کراوە و ناوی ئەو ناوچانەی نەینەوای دیاری کردووە کە مادەی 140 دەیانگرێتەوە.
 
ناوچەکان بریتین لە قەزای شنگال و ناحیەکانی، قەزای شێخان و ناحیەکانی، حەمدانیە و ناحیەکانی، تلکێف و ناحیەکانی، ئاکرێ و ناحیەکانی، مەخموور و ناحیەکانی، لەگەڵ ناحیەکانی بەعاج، زووممار و قەحتانیە.