بانکى ناوەندیى عێراق بۆ رێگرى لە ساختەکارى بە ژیریى دەستکرد 9 راسپاردە دەداتە بانکەکان

رووداو دیجیتاڵ

بانکى ناوەندیى عێراق، بانکە مۆڵەپێدراوەکان ئاگادار دەکاتەوە لە ساختەکاری هەڵخەڵەتاندنیان لە رێگەى ژیریى دەستکردەوە، بۆ ئەم مەبەستەش 9 راسپاردەیان دەداتێ لەوانە: وردبینى بایۆمەترى بۆ مامەڵەکان و رێگرى لە دزەکردنى زانیارییەکانیان بۆ دەوەرە.   
 
بانکی ناوەندیی عێراق لە 22ی شوباتی 2026 نووسراوێکی ئاراستەی سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراوەکان کردووە لەبارەی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد و بەکارهێنانی لە ساختەکردنی بەڵگەنامەکاندا و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، پێشکەوتنەکانی ئەو تەکنەلۆژیایە وایکردووە بتوانرێت بەڵگەنامە، وێنە، واژۆ و مۆری فەرمی بە کوالێتیی بەرز ساختە بکرێت، کە جیاکردنەوەی ئەستەم بێت.
 
بانکی ناوەندیی عێراق چەند راسپاردەیەکی ئاراستەی بانکەکان کردووە بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەن تاوەکو بەدوور بن لە ساختەکاری لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە لە مامەڵە بانکییەکانیاندا.
 
یەکێک لە رێگەکان پابەندکردنی بانکەکانە بە تەکنەلۆژیای پشتبەستوو بە پشکنینی بایۆمەتری و وردبینیی ئۆتۆماتیکیی بەڵگەنامەکان لە مامەڵە بانکییەکاندا.
 
بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای تایبەت بە ئاشکراکردنی ساختەکردنی دەنگ و رەنگ (دیپ فەیک) لەکاتی وردبینی لە وێنە، ڤیدیۆ و پەیوەندیی تەلەفۆنی بۆ ناسینەوەی بەشداربووانی بانکەکان، یەکێکی دیکەیە لە راسپاردەکان.
 
بانکی ناوەندی داوای کردووە، مەترسییەکانی ئەگەری دزەکردنی زانیاریی بەشداربووانی بانکەکان بۆ دەرەوە لەبەرچاو بگیرێت و پشت بە چارەسەری ناوخۆیی ببەسترێت لەپێناو کۆنترۆڵکردنی تەواوی زانیارییە بایۆمەترییەکان، هەروەها دەبێت ئەو بەڵگەنامانەی بە شێوەی ئەلیکترۆنی رادەستیان دەکرێن لە رێگەی ناوەندە فەرمییەکانەوە لێی دڵنیا ببنەوە.
 
یەکێکی دیکە لە راسپاردەکان ئەوەیە، دەبێت رێککەوتنێک واژۆ بکرێت لەگەڵ ئەو لایەنەی کە ئامێر بۆ بانکەکان دابین دەکات، بەوەی زانیارییەکانیان نەدرکێنێت و پارێزراو بێت.
 
رێکارێکی دیکە ئەوەیە پشت بە کۆدی QR ببەسترێت بۆ دڵنیابوونەوە لە بەڵگەنامەیەک کە لەلایەن شوێنێکی دیکەوە بۆیان دەنێردرێت، بە شێوەیەکی دەوری تاقیکردنەوەی شێوازی رووبەڕووبوونەوەی فێڵ لە رێگەی ژیریی دەستکرد بکرێت