زانیاریی رووداو؛ ژمارەیەک لەو داعشانەی لە سووریاوە گوازرانەوە عێراق 'کوردی رۆژهەڵاتن'

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە تۆڕی میدیایی رووداو لە سێ سەرچاوەی باڵای ئەمنییەوە دەستی کەوتوون، لەنێو ئەو چەکدارانەی داعش کە لە گرتووخانەکانی سووریاوە گوێزرانەوە بۆ عێراق، ژمارەیەک کورد هەن.
 
سەرچاوەکانی رووداو جەختیان لەوە کردەوە، لەنێو هەڵگرانی وڵاتینامەی عێراقی کە ژمارەیان 460 کەسە، هیچ کامیان کوردی باشووری کوردستان نین؛ بەڵام بە گوتەی ئەو سەرچاوە ئەمنییانە، 23 لەو چەکدارانە کە هەڵگری وڵاتینامەی ئێرانن، ژمارەیەکیان کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
 
بەرپرسێک لە ناوەندی نیشتمانی بۆ ھاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، کە سەر بە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراقە، بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا گوتە لە زیاتر لە 500 چەکدار وەرگیراوە و رۆژانە پڕۆسەکە بەردەوامە.
 
بە گوتەی بەرپرسەکەی ناوەندی نیشتمانی، "4 بۆ 6" مانگ پێویستە تاوەکو پڕۆسەی گوتە لێوەرگرتن و لێکۆڵینەوە تەواو دەبێت.
 
سەبارەت بە ئەگەری رادەستکردنەوەی ئەو چەکدارە بیانییانە بە وڵاتەکانیان، ئەو بەرپرسەی ناوەندی نیشتمانی گوتی، هەرکام لەو چەکدارانە تاوانیان لە دژی عێراقییەکان کردبێت، رادەست ناکرێنەوە و لە عێراقدا دادگەیی دەکرێن.
 
لەما فازڵ، بەرپرسی یەکەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکان لە ناوەندی نیشتمانی بۆ ھاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، رۆژی پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تۆمەتبارە بیانییەکان دەخرێنە ژێر باری یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو."
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی مادەی 6ی ئەم یاسایە، دادگاکانی عێراق دەسەڵاتیان هەیە ئەو بیانییانە دادگایی بکەن، کە لە دەرەوەی عێراقیش تاوانیان کردووە، بەو مەرجەی تاوانەکەیان زیانی بە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیاندبێت، وەک تاوانە تیرۆریستییەکان.
 
لەما فازڵ گوتی، ئەم چەکدارانە بەپێی یاسای دژەتیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005 دادگایی دەکرێن. ئەم یاسایە جیاوازی ناکات لەنێوان ئەوەی چەکدارەکە شەڕی کردبێت یان تەنیا هاوکاریی گرووپەکەی کردبێت، هەموویان رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان یان زیندانی تاهەتایی دەبنەوە.
 
لە 21ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەستی کرد بە گواستنەوەی ئەو دەستگیرکراوانە لە سووریاوە بۆ عێراق.