وەزیری نەوت بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی: دەستکاری مووچە و شایستە داراییەکانتان ناکرێ


رووداو دیجیتاڵ

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێ، مووچە و شایستە داراییەکانی کارمەندانی کەرتی نەوت پارێزراوە و هیچ بڕینێک یان دەستکارییەکیان تێدا ناکرێ.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، کە رۆژی سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026 بڵاوکراوەتەوە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەتەوە و سوودانی جەختی لەوە کردوەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستکاری مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی کەرتی نەوت ناکرێ.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە "شایستە داراییەکانی کارمەندانی نەوت مافێکی دەستەبەرکراوە و جێگیرە".
 
لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کارمەندانی وەزارەت شادەماری سەرەکیی دابینکردنی بودجەی فیدراڵین.
 
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، نیگەرانییەک لەلایەن کارمەندانی کەرتی نەوتەوە سەبارەت بە ئەگەری کەمکردنەوەی شایستە داراییەکانیان هەبوو.