بەڕێوەبەری شارەوانیی موسڵ بە "تۆمەتی گەندەڵی" دەستی لەکارکێشایەوە


رووداو دیجیتاڵ

گۆڕانکاری لە پۆستی بەڕێوەبەری شارەوانیی شاری موسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەوا کرا. گۆڕانکارییەکە دوای ئەوە هات کە بەڕێوەبەری پێشوو بەهۆی "دۆسیەی گەندەڵییەوە" لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە داوا کرا.
 
ویسام سالم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی سێشەممە 24ی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەندازیار عەبدولستار حەبۆ، بەڕێوەبەری شارەوانیی موسڵ، دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش کرد و لەلایەن عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەواوە پەسندکرا. لە شوێنی ئەو، محەممەد ئاغا بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی شارەوانیی موسڵ راسپێردرا".
 
سەبارەت بە هۆکاری ئەم بڕیارە، ویسام سالم ئاماژەی بەوە کرد کە "عەبدولستار حەبۆ لەسەر چەند پڕۆژەیەک، لەوانە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی عەین عێراق تۆمەتبارکراوە بە گەندەڵی. ئێستا بە کەفالەت ئازادکراوە و ئەویش هەموو تۆمەتەکانیش رەتدەکاتەوە، بەڵام لەسەر بنەمای ئەو دۆسیانە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی داوە."
 
عەین عێراق، پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونە، لە 20,000 یەکەی نیشتەجێبوون پێکهاتووە، چەندین جار خاوەن یەکەکان لەسەر تەواونەکردنی پرۆژەکە و رێکارەکان بۆ تاپۆکردنیان خۆپێشانیان کردووە.