حکومەتی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و کۆمەڵێک بڕیاری لە بوارەکانی وزە، ئابووری، ئاسایش و خزمەتگوزاری دەرکرد، لەوانە دروستکردنی سەکۆیەکی گازی شل بە هاوکاری کۆمپانیایەکی ئەمریکی و رادەستکردنی نەخشەی ناوچە ئاوییەکان بە نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، کە رۆژی 24ـی شوباتی 2026 بەرێوەچوو، جەخت لە مافی سەروەریی عێراق بەسەر خاک و سنوورە ئاوییەکەیدا کراوەتەوە.
 
 حکومەتی عێراق نەخشەی ناوچە ئاوییەکانی رادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و دەڵێ: "عێراق پابەندە بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و دەیەوێ باشترین پەیوەندیی بونیادنەرانە و برایانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت، بە مەرجێک سەروەریی نیشتمانی پارێزراو بێت."
 
بڕیارەکانی حکومەتی عێراق:
 
- رەزامەندی درا کە وەزارەتی کارەبا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای (Excelerate Energy)ی ئەمریکی واژۆبکات بۆ دروستکردنی سەکۆیەکی سەر ئاو بە مەبەستی هاوردەکردنی گازی شل.
 
- بڕیاردرا شایستە داراییەکانی وەبەرهێنەرانی نێوخۆیی لە کەرتی کارەبا خەرج بکرێ، دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی وردبینی لە خشتەی کۆمپانیاکان دەکات.
 
- گرێبەستی ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر لە چوارچێوەی یاسای "پاڵپشتی فریاگوزاری بۆ ئاسایشی خۆراک" دامەزرابوون و ماوەکەیان بەسەرچووبوو، درێژکرایەوە.
 
- پەسندکردنی راسپاردەکانی تیمی بەدواداچوون بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت.
 
- کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق راسپێردرا باجی کۆگاکردن لەسەر کاڵاکانی حکومەت لابدات.
 
- داشکاندنی 75% لە کرێی کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بریکارە دەریاییەکان بۆ هاوردەکاران کە بڕیارە تاوەکو نیسانی ئەم ساڵ بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
- سیستمی "نیشانەی کواڵیتیی عێراقی" بۆ سێ ساڵ کرا بە ئارەزوومەندانە، بە مەبەستی هاندانی بازرگانان و ئاسانکاری لە رێکارەکانی پشکنیندا.
 
- وەزارەتی ناوخۆ سەرپشک کرا بۆ واژۆکردنی گرێبەستی سیستمێکی مۆدێرنی چاودێریی ئەلیکترۆنی بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراق و سووریا.
 
- بڕیاردرا پڕۆژەی "بنیادە حکومییە دۆستەکانی ژینگە" جێبەجێ بکرێ کە 535 بینا دەگرێتەوە و پشت بە وزەی نوێبووەوە دەبەستن.
 
- ئاسانکاری بۆ رەوانەکردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە نایاسایی هێنراونەتە وڵات و گرتنەبەری رێکاری تووند بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو دیاردەیە.
 
- رەزامەندی درا عێراق ببێتە ئەندام لە "کۆمەڵەی عەرەبی بۆ هاوکاریی بۆشایی ئاسمان"، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پەرەپێدانی تواناکانی وڵات لە بواری تەکنەلۆژیا و گەردوونناسی.