وردەکاریی خنکانی کچێکی نۆ ساڵ لە زێی گەورە؛ تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

باوکێکی جەرگ سووتاو کچەکەی کەوتووەتە ئاوی زێی گەورە، جگە لە گریان کارێکی دیکەی لە دەستنایەت بۆ دۆزینەوەی تەرمی جگەرگۆشەکەی. 
 
سۆنیا ئەمجەت کە تەمەنی نۆ ساڵان بوو لەگەڵ باوکی سەرقاڵی ئاودانی دەخڵ و دان بوون، چووەتە بەردەم ئاوەکە، بەڵام پێیەکانی خلیسکاوەتە ناو ئاو. 
 
ئەمجەت عارەب، باوکی سۆنیایە و دەڵێت: هاتە لام و گوتی، باوکە تا خوارەوە دەچم، گوتم زوو بگەڕێوە، سێ خولەکی نەبرد، هاوارێکم گوێ لێبوو خۆم فڕێدا و قاچم شکا کە چووم برازاکەم بە دارەوە بوو و گوتی، سۆنیا لێرە ژێر ئاوکەوت.
 
کاژێر چواری ئێوارەی رۆژی پينجشەممە کچەکە کەوتووەتە نێو ئاو، خزم و کەسێکی زۆری سۆنیا بە درێژایی گوندی وەردەک لە بەردەم زێی گەورەن. ئاوەکەی زۆر و شوێنەکەش قووڵ، چاوەڕێن تیمەکانی غەواس بە هانایانەوە بچن. 
 
هەیسەم فەتحوڵڵا، مامی سۆنیایە و گوتی: خەڵکێکی زۆر لەگەڵمانن، بەڵام کاری تیمەکانی غەواسە کە بەهانامانەوە بێن و بە ئێمە شتێک ناکرێت.
 
سەرەتا ژمارەیەک ماسیگر هەوڵی دۆزینەوەیاندا، دواتر تیمی غەواسی خەبات و موسڵ گەیشتن، دوای هەوڵی زۆر سۆراخێکیان لە سۆنیا بۆ نەکرا. 
 
سەردار ئیسماعیل، بەرپرسی تیمی غەواسی خەبات بە رووداوی گوت: هەموو هەوڵێکمان داوە و بەردەوامیش دەبین، بەڵام ئاوەکە قووڵ و خێرایە؛ کارەکە ئەستەمە لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام دەبین لە گەڕان بەدوایدا.
 
بەپێی ئامارەکان لە ماوەی نزیکەی سێ مانگی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردساتن نۆ کەس لە ئاودا خنکاون.