یەکێتی لە حکومەتی خۆجێی سەلاحەدین ژمارەیەک پۆست وەردەگرێت

رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ پارێزگاری نوێی سەلاحەدین لەسەر پۆستەکان رێککەوتنی کردووە و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ژمارەیەک پۆست وەردەگرن.
 
کەریم شوکر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئاداری 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ بەدر مەحموود فەحل، پارێزگای نوێی سەلاحەدین رێککەوتنیان کردووە لەسەر ئەوەی پۆستەکانی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان، یاریدەدەری پارێزگار، دوو راوێژکار و ژمارەیەک بەڕێوەبەری بەشیان پێبدرێت لە بەرێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە، تەندروستی و شارەوانی لە پارێزگای سەلاحەدین.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکهاتووە، تەنیا یەک نوێنەری کوردی تێدایە، کە ئەویش نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
 
کەریم شوکر، کە هاوکات نوێنەری قەزای خورماتووە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو پۆستانە هەر تەنیا بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نابن، بەڵکو هەوڵدەدەن بەشی لایەنە کوردستانییەکانی لێبدەن بەتایبەتی ئەوانەی لە هەڵبژاردن هاوکاریان کردوون، وەک گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری، حیزبی شیوعی، یەکگرتووی ئیسلامی، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستانیش.
 
سەبارەت  بە ناوی بەربژێرەکان بۆ ئەو پۆستانە، کەریم شوکر  گوتی، تائێستا ناوی بەربژێرەکان دیاری نەکراون، بڕیارە بەم نزیکانە بۆ پیرۆزبایی سەردانی پارێزگای نوێی سەلاحەدین بکەن و ئەو بابەتەشی لەگەڵ باس بکەن.
 
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە 13 دەنگ، بەدر مەحموود فەحلی وەک پارێزگاری نوێی سەلاحەدین هەڵبژارد.  
 
ئێستا تەنیا هەردوو پارێزگاری کەرکووک و دیالە ماون هەڵبژێردرێن، بەهۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە تائێستا پارێزگاری ئەو دوو پارێزگایە هەڵنەبژێردراون.