سێ هاوپەیمانیی سوننە داوای یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سێ هاوپەیمانیی عەرەبی سوننە، سوپاس و ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەن، کە بۆ چارەسەرکردنی بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داویەتی، داواش دەکەن دەنگی پەرلەمانتاران، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلابکاتەوە.
هەرسێ هاوپەیمانیی عەزم، سەروەریی و حەسمی نیشتمانی کە عەرەبی سوننەن، رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئاداری 2024، لە راگەیێندراوێکی هاوبەش دا، سوپاس و پێزان و ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک مەسعود بازرانی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکەن، کە وەک باسی دەکەن، هەوڵی چڕیان داوە بۆ ئەوەی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بگەنە سازان.
هەر سێ هاوپەیمانییەکە بە گرنگی دەزانن، کە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەپێی سازانی سیاسی و دیالۆگەکانی ئەم دواییانە بێت و ویستی پەرلەمانتاران بەدی بهێنێت کە دەنگ بە بەرژێرەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بدەن، ئەوەش لە سۆنگەی بنەمای یاسایی و دەستوور و رای دادگەی باڵای فیدراڵی، رێگەنەدرێت ئەو بۆشاییە دەستوورییە بەردەوام بێت، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی نیشتمانی و رۆڵی کارای پەرلەمان و یاسادانان و چاودێریی دەستەبەر بکات.
لە 8ـی ئاداری 2024، هەریەک لە خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پارتی سەروەری؛ موسەننا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و سابت عەباسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی نووسراوێکی هاوبەشیان ئاراستەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی "شیعەکان" کردووە، تێیدا سالم مەتەر عیساوییان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر کردووە.
ئەو سێ سەرکردە سوننەیە بە پێویستی دەزانن، دیاریکردنی دانیشتنی پەرلەمان پەلەی تێدا بکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێیانوایە "پشتیوانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ بەربژێرەکەیان بەرکەوتەی دەستوورییان تەواو دەکات بۆ رەخساندنی پرۆسەی سیاسی بەشێوەیەک کە خزمەت بە عێراق و یەکێتی و سەروەرییەکەی بکات."
پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەرکەوتەی عەرەبی سوننەیە، پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی پێداگرە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە، بۆ ئەو مەبەستە، محەممەد حەلبووسی لە بەغدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە شیعەکان کرد و سەردانی هەولێر و سلێمانیشی کرد.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەریەک لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پارتی سەروەری و موسەننا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بووە، بەڵام سێ پێشنیاز خراونەتەڕوو، یەکەم: بەپێی خاڵ ئەو پۆستە یەکلابکرێتەوە. دووەم: سوننەکان هەموویان کۆببنەوە و لەسەر بەربژێرێک رێبکەون. سێیەم: هەریەکەیان بە بەربژێری خۆ بچێتە کۆبوونەوەی پەرلەمان و لەوێ لە رێگەی هاوپەیمانەکانیان لەنێو پەرلەمان بە دەنگدان یەکلایی بکەنەوە.
یەحیا عیساوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، رۆژی سێشەممە 12ـی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق هەموار دەکەنەوە، بۆ ئەوەی دەرفەت بە کەسانی دیکە بدرێت خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر بکەن، کە رەنگە لەم هەفتەیە ئەو هەوڵە بدەین."
هەر لەوبارەوە، هەیبەت حەلبووسی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پارتی تەقەدووم، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازە لە پەرلەمان، "زیاتر لە 90٪ـی پەرلەمانتاران پشتیوانی لە هەمواری پەیڕەوی نێوخۆ دەکەن."
سەبارەت بە دەستنیشانکردنی بەربژێرێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، هەیبەت حەلبووسی گوتی، "تائێستا بەربژێری داهاتووی سەرۆکی پەرلەمانمان یەکلانەکردووتەوە، رەنگە ژنێک بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکەین."
دوای ئەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی لە تشرینی دووەمی 2023، محەممەد حەلبووسی لە ئەندامیێتی پەرلەمان دوورخستەوە، سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق 14ـی کانوونى دووەمی 2024، دانیشتنێکى تایبەتى بە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمانى بۆ کاتێکى نادیار هەڵگرت، پاش ئەوەى دەنگدان بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە گەیشتە گەڕى دووەمى دەنگدان لەنێوان شەعلان کرەیم، بەربژێرى هاوپەیمانیى تەقەدووم، لەگەڵ سالم عیساوى، بەربژێرى سەروەرى.
رۆژی 28ـی شوباتى 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، دانیشتنێکى لە بارەى ئەو سکاڵایە کرد، کە لەدژى خۆبەربژێرکردنى شەعلان کرەیم، بەربژێرى فراکسیۆنى تەقەدووم بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان تۆمارکرابوو. دادگەکە بە پاساوى ئەوەى لە تایبەتمەندیى دادگەکەدا نییە، سکاڵاکەى رەتکردەوە.
سکاڵاکە دژی شەعلان کرەیم لەلایەن یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی و حوسێن موئەنیس، پەرلەمانتارانى شیعەوە تۆمارکرابوو، بە تۆمەتی ئەوەى شەعلان کرەیم یاساى لێپرسینەوە و دادوەرى دەیگرێتەوە، داواشیان کردبوو دادگەى فیدراڵى بڕیارێکى کاتى دەربکات بۆ راگرتنى کۆبوونەوەکانى پەرلەمان تاوەکو ئەوکاتەى سەرۆکێکى نوێ هەڵدەبژێردرێت.
بڕیارە لە 1ـی نیسانى 2024، دادگەى فیدراڵى دانیشتنێکى دیکە بکات بۆ تاوتوێکردنى دوو سکاڵا، کە تایبەتن بە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان.
یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن هەیبەت حەلبووسی و ئەحمەد جبوورى، ئەندامانى فراکسیۆنى تەقەدووم تۆمارکراوە لە دژى کۆبوونەوەى 13ـی کانوونى دووەمى 2024ـی پەرلەمان، کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکی پەرلەمان و داوادەکەن سەرجەم ئەو بڕیارانەى لەو کۆبوونەوەیە دەرکراون، هەڵبوەشێندرێنەوە، کە یەکێک لە بڕیارەکان دواخستنى هەڵبژاردنەکە بوو، ئەگەرچى گەیشتنە گەڕى دووەم و کۆتایی.
سکاڵاکەى دیکە لەلایەن یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی، حوسێن موئنیس تۆمارکرابوو، کە داوا لە دادگەى باڵاى فیدراڵى دەکەن ئەندامیێتیى شەعلان کرەیم لە پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە، بەوپێیەى بەگوێرەى سکاڵاکە مەرجە یاسایی و دەستوورییەکانى ئەندامیێتى لەدەستداوە و داواش کراوە؛ دادگە بڕیارێکى کاتى دەربکات بۆ ئەوەى لە کارى پەرلەمانتاری رابگیرێت تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵاکە لە دادگەى فیدراڵى یەکلادەکرێتەوە.