سوودانی بۆ فراکسیۆنی یەکێتی: کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان چارەسەر کراوە
رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسیان لە پرسی مووچە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە. سوودانی دڵنیایی داوە لەوەی "کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان چارەسەرکراوە."
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، داوامان کرد تەواوی مووچە بنێردرێت.. و پرۆسەی ئەژماری بانکی چارەسەر بکرێ."
هاوکات، بەگوێرەی راگەیێندراوی فراکسیۆنەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی داوە لەوەی کە کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان چارەسەرکراون و "هەنگاوەکانیش بۆ بە بانکیکردنی مووچە دەنرێت و ئەژماری بانکی چارەسەر دەکرێن."
لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، "هەڵوێستی یەکێتیمان دووپاتکردەوە، هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت."
دەشڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردەوە حکومەتەکەی ئەرکی دابینکردنی بودجەی هەڵبژاردن و هاندان و هاوکاری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جێبەجێ کردووە و لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت.
سەبارەت بە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران، فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، داوایان کردووە پرۆسەکە و ئەژماری بانکی چارەسەر بکرێ؛ "داوامان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد پەلە بکرێ لە تەواوکردنی هەنگاوەکانی تر بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکە، کە خەڵکی کوردستانی تووشی نەهامەتییەکی گەورە کردووە."
بابەتێکی دیکە کە تاوتوێ کراوە، پرسی قەدەخەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بووە، "داواکرا سەرۆکوەزیران هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ هەڵگرتنی ئابلوقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، سەرۆکوەزیران رایگەیاند لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ دەکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن."
کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەی درەنگیی شەوی یەکشەممە شاندی دارایی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان رێککەوتن کراوە و بۆ ماوەیەکی کاتی مووچەکانیان دەنێردرێت."
کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەش کرد، "سوودانی دڵنیایی دا ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت تاوەکو پڕۆسەی بەبانیکردن تەواو دەبێت."
دەقی راگەیێندراوەکە:
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیرانی داد و ژینگەی عێراق، لەگەڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەنەوە.
کۆبوونەوەکە لە تەلاری ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، فراکسیۆنی یەکێتی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بەژیانی خەڵک و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان ئاراستەی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد
لەسەرەتای کۆبوونەوەکە، بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک مام جەلال و خەباتی بۆ هێنانەدی ئازادی لە عێراق و بنیادنانەوەی وڵاتەکە و قووڵکردنەوەی تەبایی و پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتەکان کرد. رایگەیاند یەکێتی هاوبەشێکی سەرەکی حکومەتی ئێستای عێراقە و هەڵوێستی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەمیشە جێگای رێزە و درێژکراوەی سیاسەتی سەرۆک مام جەلالە.
هەروەک بەووردی سەرۆکوەزیران کارو هەنگاوەکانی حکومەتەکەی خستەروو، بەتایبەتی ئەو پرس و کێشانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە، هەنگاوی دڵخۆشکەری بۆ نراون.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی پشتیوانی یەکێتی وەک هاوبەشێکی سەرەکی بۆ حکومەتەکەی بەڕێز سوودانی دووپاتکردەوە، بەتایبەت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و خزمەتکردنی خەڵک.
بەشێکی کۆبوونەوەکە، سەبارەت بە قەیرانی مووچە بوو، فراکسیۆنی یەکێتی، وێرای سوپاسکردنی سەرۆکوەزیران بۆ پەرۆشییان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە، داوای کرد پەلە بکرێ لە تەواوکردنی هەنگاوەکانی دیکە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکە، کە خەڵکی کوردستانی تووشی نەهامەتییەکی گەورە کرووەتەوە، داواشیکرد، پرۆسەی بەبانکیکردن و ئەژماری بانکی چارەسەر بکرێ، لەبەرامبەردا بەڕێز سەرۆکوەزیران جەختیکردەوە، حکومەتەکەی خۆی بەرپرسیار دەزانێت لە دابینکردنی مووچە بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراق بەبێ جیاوازی و دڵنیایی دا کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان چارەسەرکراون و هەنگاوەکانیش بۆ بەبانکیکردنی مووچە و هەژماری بانکی روو لە چارەسەرن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی یەکێتی هەڵوێستی یەکێتی دووپاتکردەوە، کە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێ. لەبەرامبەریدا بەڕێز سەرۆکوەزیران روونیکردەوە، حکومەتەکەی ئەرکی دابینکردنی بودجەی هەڵبژاردن و هاندان و هاوکاری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی جێبەجێ کردووە و لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێ.
هەر لە کۆبوونەوەکە، فراکسیۆنی یەکێتی جەختی لە تەواوکردنی رێکارە دەستورییەکان کردەوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێتی کەرکووک، ستایشی رۆڵی سەرۆکوەزیرانی کرد، بۆ نزیکردنەوەی پێکهاتە و لایەنە براوەکانی پارێزگاکە بە ئاراستەی سازان.
سەبارەت بە سەروەری خاک و ئاسمانی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان، فراکسیۆنی یەکێتی داوای کرد، حکومەتی ناوەندی هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە تا لە رێگای کەناڵە دیپلۆماتییەکانەوە چارەسەری بکات.
هەروەها داواکرا بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ هەڵگرتنی ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆکوەزیران رایگەیاند لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ دەکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن .
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە بەڕێز سەرۆکوەزیران گوێیبیستی ئەو داواکارییانە بوو، کە لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتییەوە خرانەروو، لەوانە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان و دووکاندار و کاسبکارانی بازاڕی لەنگەی هەولێر و گواستنەوەی مووچەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لەکەرکووک بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی ناوەندی و داننان بە زانکۆی گەرمیان و چەرموو و راپەرین لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای ناوەندییەوە. و راگرتنی پرۆژەی تەلبەندکردنی ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران و ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خانەقین و خورماتوو، هەروەها پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ و دامەزراندنی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجەو گرنگیدان بە هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی تاوانی ئەنفال و کردنەوەی کۆلێژی کشتوکاڵ لە قەڵادزێ و داواکاری ڕەوای ناوچەکانی شەنگال و خوشک و برایانی ئێزدی و مەخموور و ژمارەیەک داخوازی تر.
بەڕێز سەرۆکوەزیران بڕیاریدا لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان فراکسیۆنی یەکێتی و نووسینگەی سەرۆکوەزیران بەپەلە پێکبهێنرێ بۆ جیاکردنەوەو جێبەجێکردنی داواکارییەکان، کە بەشێوەی نوسراوی رەسمی ئاراستەکراون.
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق