لە 6 پارێزگای عێراق بەهۆی بارانەوە پشوو راگەیێندرا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و پێشبینییەکانی بۆ بارانبارینی بەخوڕ؛ هەریەکە لە پارێزگاکانی بەغدا، دیالە، بابل، نەجەف، دیوانییە و کەربەلا، بۆ رۆژی سێشەممە، 24ی ئاداری 2026، پشووی فەرمییان راگەیاند.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای بابل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پێشبینیی بارینی بارانی بەخوڕ، بڕیاریانداوە ئەمڕۆ سێشەممە لە قوتابخانە و زانکۆکاندا بکرێتە پشوو.
 
هاوکات، ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف بە هەمان هۆکار پشووی فەرمیی تەنیا بۆ قوتابیانی قوتابخانەکان لە سەرجەم دامودەزگاکانی پارێزگاکەدا راگەیاند.
 
لە پارێزگای دیوانییە، ئەنجوومەنی پارێزگاکە بڕیاریداوە لە هەموو فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکاندا ببێتە پشوو، تەنیا فەرمانگە تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان نەبێت کە بە رێژەی 50%ی کارمەندەکانیان بەردەوام دەبن لە دەوام.
 
هەروەها قاسم یەساری، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەربەلا رایگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخە نالەبارەی کەشوهەوا کە ناوچەکەی گرتووەتەوە و "لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان"، بڕیاریانداوە لە هەموو قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکان و زانکۆکانی پارێزگاکەدا بکرێتە پشوو.
 
هەروەها لە بەغدا بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شەشی بەغداش لە قوتابخانەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندا پشووی راگەیاند و پارێزگاری دیالەش بەهەمان شێوە لە قوتابخانەکانی سنووری پارێزگاکەیاندا پشووی راگەیاند.
 
ئەم بڕیارانەی پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق دوای ئەوە دێت کە دەستەی کەشناسیی عێراق، هۆشداریی داوە لە شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ کە زۆربەی ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە و بۆماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.