سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی هێرشی سەر پێشمەرگە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە دەکات و دەڵێت، نابێت عێراق پەلکێشی نێو هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک بکرێت.
رۆژی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە کرانە سەر بارەگاکانی هێزە ئەمنییەکان لە چەند پارێزگایەک و هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان، کە شەهید و برینداربوونی لێکەوتووتەوە."
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، بەئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان "کارێکی رەتکراوەیە" و ئەم دۆخە داوای هەڵوێستێکی نیشتمانیی یەکگرتوو دەکات بۆ بەهێزکردنی پاراستنی دامەزراوە ئەمنییەکان و پاراستنی یەکڕیزیی وڵات لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکاندا.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدات و دەڵێ: "پێویستە عێراق لە لێکەوتەکانی ململانێ هەرێمییەکان دووربخرێتەوە. نابێت وڵاتەکەمان بخرێتە نێو هیچ جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ناکات."
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت هەموو هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بن و رێگری لە هەر جۆرە پێشهات و ئاڵۆزییەکی سەربازی بکرێ کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی ناوخۆیی عێراق دەبێت.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی مووشەکی کرایە سەر بارەگای هێزەکانی پێشمەرگە لە سۆران لە پارێزگای هەولێر و بەگوێرەی وەزارەتی پێشمەرگە، هێرشەکە لەلایەن ئێرانەوە بە 6 مووشەک کراوە و لە ئەنجامدا، 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.