سوودانی پشووی فەرمیی بۆ قوتابخانە و زانکۆکان راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری دا دەوامی فەرمی بۆ قوتابییان و خوێندکاران لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە رابگیرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سکرتارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی داوە، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، لە تەواوی قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان بکرێتە پشووی فەرمی. بڕیارەکەش بەهۆی خراپی و نالەباریی کەشوهەواوە لە وڵاتدا دراوە.
پێشتر ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پەروەردەی عێراق بە وەکالەت، داوای لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگاکان کرد چوارشەممە و پێنجشەممە بکەنە پشوو.
کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، رایگەیاند: "وەزیر جەختی لە پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان کردەوە بەهۆی ئەو شەپۆلە باران و کەشوهەوا نالەبارەی رووی لە ناوچەکە کردووە، بۆیە هەردوو رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە دەوام رادەگیرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم پشووە و تەواوکردنی پڕۆگرامی خوێندن، رۆژانی شەممەی داهاتوو لە ناوەندەکانی خوێندندا دەکرێتە دەوامی فەرمی.
ئەوە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان تاوەکو 29ی ئەم مانگە کراوەتە پشووی فەرمیی.