500 ملیار دینار بۆ باری لەناکاو؛ وردەکاریی دەسەڵاتی خەرجکردنی بودجەی نائاسایی لە عێراق دا
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق، بڕی 500 ملیار دینار وەک "یەدەگی باری لەناکاو" تەرخانکراوە. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری لە هەڤپەیڤینێکی رووداو دا ئاماژەی بە بوونی ئەو بودجەیە کرد و بەپێی بەدواداچوونەکانیش، خەرجکردنی ئەو پارەیە پێویستی بە رەزامەندیی هاوبەشی سەرۆکوەزیران و وەزیری داراییە.
لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق (یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2023) کە بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 جێبەجێ دەکرێت، لە ماددەی 2 بڕگەی یەکەمدا، بڕی 500 ملیار دینار لە چوارچێوەی خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵدا وەک "یەدەگی باری لەناکاو" (احتياطي الطوارئ) دیاریکراوە.
ئەو پارەیە بۆ چی بەکاردێت؟
ئەم بودجەیە تایبەت کراوە بە پڕکردنەوەی ئەو خەرجییە کتوپڕ و پێشبینینەکراوانەی کە لە کاتی داڕشتنی بودجەدا هەژمار نەکراون، یان بۆ هەر دۆخێکی بەپەلە، کە تەرخانکردنی دارایی تایبەتی لە ناو بڕگەکانی دیکەی بودجەدا بۆ نەکراوە.
میکانیزمی خەرجکردن و دەسەڵاتەکان
یاساکە لە ماددەی 6دا، دەسەڵاتی خەرجکردنی ئەم یەدەگەی بەمشێوەیە رێکخستووە:
دەسەڵاتی هاوبەش: سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و وەزیری دارایی فیدراڵ بە هاوبەشی دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر خەرجکردنی ئەو پارەیەیان هەیە.
بنمیچی خەرجکردن: بۆ هەر بارێکی لەناکاو، دەتوانرێت تاوەکو بڕی سێ ملیار دینار بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خەرج بکرێت.
رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران: ئەگەر خەرجیی حاڵەتە لەناکاوەکە لە 3 ملیار دینار زیاتر بوو، ئەوا پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت لەسەر پێشنیازی وەزیری دارایی.
بۆ رێگری لە هەر زیادەڕەوییەک، یاساکە مەرجی تووندی بۆ چاودێریکردنی ئەم بودجەیە داناوە. وەزیری دارایی پابەند کراوە بە دەرکردنی رێنمایی تایبەت بۆ بەکارهێنانی پارەکە.
هاوکات دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ ئەرکدار کراوە کە سێ مانگ جارێک "راپۆرتی وەرزی" پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران بکات، تێیدا بە وردی شێواز و شوێنی خەرجکردنی ئەو پارەیە بۆ پەرلەمانتاران روون بکاتەوە.
ئەم بابەتە دوای ئەوە دێت کە فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی وزاریی ئابووری و وەزیری دەرەوەی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باسی لە ئامادەکارییەکانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی نەخوازراو کرد لە ناوچەکەدا.