بارەگای سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە نەینەوا بۆردوومان کرا
رووداو دیجیتاڵ
بارەگای فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە نەینەوا بۆردوومان کرا، تاوەکو ئێستا زیانەکانی بۆردوومانەکە نەزانراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2026، سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئەمنی لە نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بارەگای فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە نەینەوا بۆردوومان کراوە.
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتیشی، "بارەگاکە لە ناوچەی عەرەبی لە بەشی چەپی مووسڵە و هەرکات فالح فەیاز سەردانی نەینەوا بکات، لەو شوێنە دەمێنێتەوە."
تاوەکو ئێستا دیار نییە بۆردوومانەکە زیانی گیانیی هەبووە یان نا، بەڵام زیانی مادی بەر بارەگاکە کەوتووە.
بارەگای سەرەکیی فالح فەیاز وەک سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەغدایە.
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا چەند هێرشێک کراوەتە سەر بارەگای گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە ئەنبار، نەینەوا، بابل و سەلاحەدین؛ لە هێرشەکەی ئەنباردا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و 14 چەکداری حەشدی شەعبی لەو پارێزگایەدا کوژران.