هێرشى سەر بنکەکەى حەسەکە چۆن بوو؟ لەکوێوە کرا؟


رووداو دیجیتاڵ

سوپای سووریا رایگەیاند ئەو هێرشەی کراوەتە سەر یەکێک لە بنکەکانیان لە شاری حەسەکەی رۆژاڤای کوردستان، بە پێنج مووشەک بووە و لە گوندێکی نەینەواوە بووە، بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، هێرشەکە لەسەر بارهەڵگرێکەوە بووە لە ناوچەیەک کە حەشدی عەشایەری تێیدا باڵادەستە.
 
ئەو هێرشە شەوی دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، کرایە سەر بنکەی سەربازیی خەراب جیر لە سنووری پارێزگای حەسەکەی رۆژاڤای کوردستان.
 
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند ئەو هێرشە لە دەوروبەری گوندی تەل هەوا کراوە کە 20 کیلۆمەتر لە قووڵایی خاکی عێراقدایە و پێنج مووشەک لەو هێرشەدا بەکارهاتوون.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە سنووری پارێزگای نەینەوا کە لەبەر هەستیاریی پرسەکە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە رووداوی رایگەیاند: هێرشەکە بە دیاریکراوی لە ناوچەی عوێنات کراوە کە سەر بە ناحیەی رەبیعەیە.
 
عوێنات کە بە تەل عوێنات-یش ناسراوە، گوندێکی سەر بە ناحیەی رەبیعەی سنووری قەزای تەلەعفەرە و دەکەوێتە باکووری رۆژاوای پارێزگای نەینەوا.
 
سەرچاوەکەی رووداو رایگەیاند: "هێرشەکە لە رێگەی بارهەڵگرێکی بچووکەوە کراوە و دوای هێرشەکە ناوچەکەی بەجێهێشتووە."
 
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند: پەیوەندییان بە لایەنی عێراقییەوە کردووە و پێیان رایگەیاندوون کە سوپاى عێراق دەستی کردووە بە کێوماڵکردن بۆ گەڕان بەدوای ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە.
 
سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "لە نەینەوا ئەو ناوچەیەی کە هێرشەکەی لێوە کراوە بەدەست حەشدی عەشایەرییەوەیە، بەڵام مەرج نییە ئەو گرووپە هێرشەکەی کردبێت".
 
گرووپی "کەتیبەکانی ئەولیائوڵڵا" کە خۆی وەک بەشێک لە "بەرگریی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنێت، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رایگەیاند.
 
ئەوە یەکەمجار بوو لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتەوە، گرووپە چەکدارەکان لە عێراقەوە هێرش بکەنە سەر ئامانجەکانیان لەناو خاکی سووریا.