حکومەتی عێراق هێرشکردنە سەر پێشمەرگە سەرکۆنە دەکات و گەرەنتی لە دابەشکردنی مووچە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی سەرکۆنە دەکات و رایدەگەیێنێت، حکومەت سوورە لەسەر پاراستنی سەروەریی خاکەکەی. هاوکات وەزیری دارایی عێراقیش دەڵێت، مووچەی فەرمانبەران و بودجەی خەرجییەکان دابین کراوە.
رۆژی سێشەممە، 24ی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا سوودانی تیشکی خستە سەر ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشهاتەکانی سەربازییەکانی ناوچەکە.
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، بەیانیی ئەمڕۆ ئێران بە 6 مووشەک هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیران "بە تووندی" سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر پێشمەرگە و حەشدی شەعبی کردووە.
حکومەتی عێراق جەختی لە پاراستنی ئاسایشی نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکان کردووەتەوە و رایگەیاندووە، رێگە نادات هیچ لایەنێک دەستوەردان لە سەروەریی عێراقدا بکات.
"مووچە پارێزراوە"
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە: "هەموو رێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی دارایی گیراونەتەبەر و وەزارەتی دارایی مووچەی فەرمانبەران و هەموو خەرجییە حکومییەکانی دابین کردووە."
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ ئامادە بووە و پلانەکانی وەزارەتی نەوتی بۆ هەناردەکردن خستووەتەڕوو و تاوتوێی هەناردەکردنی نەوتی عێراق کراوە لە رێگەی بۆریی کەرکووک - جەیهان، "وەک هەوڵێک بۆ زیادکردنی داهاتی دەوڵەت."
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە شێوەیەکی بەپەلە بەنزین هاوردە بکرێ بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بازاڕەکاندا دروست بووە.