دادگەى فیدراڵى وردبینى لە دوو دۆسیەى پەیوەندیدار بە زەویی داگیرکراوى کەرکووک دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دەیەم دانیشتن لەبارەى دوو سکاڵاوە دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەى دوو بڕیارى دەسەڵاتى پێشووى عێراق، کە بەهۆیەوە هەزاران پارچە زەویى هاونیشتمانییانى کورد لە کەرکووک داگیر کراون.
 
دوو سکاڵاکە لەلایەن 10 هاونیشتمانیى کوردى کەرکووک تۆمار کراون و بڕیارەکانیش لە ساڵانى 1977 و 1976 دەرکراون. بڕیارێکیان تایبەتە بە زەوییە داگیرکراوەکانى قەزاى داقووق، ئەوى دیکەش لەبارەى زەوییەکانى ناحیەى سەرگەڕان و چەند ناوچەیەکى دیکەى کەرکووکە.
 
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دۆسییەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "تائێستا نۆ دانیشتنى دادگە لەبارەى ئەو دوو دۆسیەوە کراون، بەر لە دانیشتنى ئەمڕۆ دادگە بە نوێنەرى یاسایى سکاڵاکارانى راگەیاندووە، وردبینى لە دوو دۆسیەکە دەکەن."
 
سکاڵاکان لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى عێراقن، هەزاران هاونیشتمانیى کورد و تورکمانى کەرکووک لەو دوو بڕیارە زەرەرمەند بوون و زەوییان داگیر کراوە. داوا دەکرێت دادگە بە نادەستووریى بزانێت.
 
پاساوى سکاڵاکارەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکان ئەوەیە، لە دژى مادەى 23ى دەستوورە، کە تایبەتە بە پاراستنى موڵکداریی هاووڵاتییان و رێگەنەدان بە بەناوکردن بە ئامانجى گۆڕانى دیمۆگرافى.
 
ئەو سەرچاوەیەى رووداو ئاماژەى بەوەش داوە، "مەترسی هەیە پرسەکە لەنێو دادگە بکەوێتە دەنگدانەوە، بەو پێیەى یەکێک لە دوو دادوەرە کوردەکەى دادگە کشاوەتەوە، دادوەرێکى عەرەبى سوننە جێگەى دەگرێتەوە کە یەدەگە، ئەو پێکهاتەیە لە هەڵوەشاندنەوەى دوو بڕیارەکە زەرەرمەند دەبێت."
 
رۆژی 12ی ئادارى 2024 عەبدولڕەحمان سلێمان زێباری، ئەندامى دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق کشانەوەى لە پۆستەکەی لە دادگای باڵای فیدراڵی راگەیاند و تاوەکو ئێستا جێگەکەى پڕنەکراوەتەوە، هەرچەندە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق داواى لە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى هەرێمى کوردستان کردبوو ناوى دادوەرێکى بەربژێریان بۆ بنێرن بۆ پڕکردنەوەى جێگەکەى.