بەهۆی گەندەڵیی لە کڕینی هوتێلێکی هەولێر بەرپرسێکی وەقفی سوننە دەردەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننە، لەسەر دۆسیەی گەندەڵیی لە کڕینی هۆتێلێکی وەقفەکە لە شاری هەولێر، بەرپرسێکی دیاری وەقفەکەی دەرکرد.
رۆژی 21ی نیسانی 2024، مەشعان خەزرەجی، سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننە، بە فەرمانێکی دیوانی کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، مەحمود نووری جاسم عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە دیوانی وەقفی سوننە دەرکرد. ئەوەش دوای ئەوەی مەحمود نووری لە 14ی نیسانی ئەمساڵ بە تاوانی گەندەڵێ بە ساڵێک بەندکردن سزادرا.
رۆژی چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دیوانی وەقفی سوننە هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە، بەڵام لەبەر "هەستیاری" بابەتەکە زانیاریی نەدا.
دەرکردنی مەحمود نووری لە دیوانەکە دوای ئەوەدێت، رۆژی 14ی نیسانی 2024 دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە ساڵێک زیندانی سزای دا.
سزادانەکە لەسەر دۆسیەی کڕینی هۆتێل رامادا (RAMADA) بوو لە شاری هەولێر. لە 2021 گرێبەستەکە لەنێوان بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرهێنان و دارایی وەقفی سوننە و کۆمپانیای SM بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری واژۆ کراوە.
وەقفی سوننە هۆتێلەکەی بە 47 ملیار دینار کڕی، کە لە سەرووی نرخی راستەقینەی بوو.
دواتر لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەیان لە کەیسەکە کرد، ژمارەیەک گەورە بەرپرسی دیوانەکە تۆمەتبارکران.
دوای کڕین، وەقفی سوننە بۆ 30 ساڵ هۆتێلەکەی بەکرێ دابووەوە خاوەن موڵکی پێشوو، وەک دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەڵێت: "بەبێ ئەوەی هیچ سوودێکی ئابووری هەبێت، ئەوەش زیانگەیاندن بووە بە دارایی گشتی".
رۆژی 14ی کانوونی دووەمی 2023، دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، لەسەر گرێبەستی کڕینی هۆتێلەکە دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرسی دیوانەکەی راگەیاند.
یەکێک لەوانە سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووتری دیوان بوو، لە 21ـى ئادارى 2023 لە پارێزگاى دیالە دەستگیرکرا. دادگە بە چوار ساڵ بەندکردن سزای دا. یەکێک لەو تۆمەتانەى کە بەهۆیەوە سزادرا، گرێبەستى کڕینى هۆتێل رامادا بوو.
لە 18ـى نیسانى 2023، کەمبەش لە بنکەی پۆلیسی کەڕادە لە بەغدا رایکرد. دوو رۆژ دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری موسڵ دەستگیرکرایەوە، بەڵام هەمان رۆژ تەندروستی تێکچوو لە نەخۆشخانەی گشتیی مووسڵ گیانی لەدەستدا.