لە بەسرە ماڵێک سووتا، 6 ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە شاری بەسرە، ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە. پۆلیس دەڵێت، لە رووداوەکەدا شەش ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستداوە
رووداوەکە کاژێر1:30 خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی نیسانی 2024، لە خانوویەکی دوو نهۆمی کەوتەوە کە دەکەوێتە شەقامی مقاولیین لە شاری بەسرە ناوەندی پارێزگاکە.
عەقید عەزیز هاشم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی بەسرە بە رووداوی گوت: "شەش کەسی ئەو خێزانە گیانیان لەدەستداوە، دایک و پێنج منداڵن. رووداوەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە."
دایکەکە ناوی زەینەب تارق جەبارە لە دایکبووی 1996ـە، منداڵەکانیش تەمەنیان لە نێوان شەش مانگ بۆ حەوت ساڵانە، بەناوەکانی، تەبارەک حر مۆفەق شاکر حوسێن، فاتـمە، عەلی، روقیە و نوور.
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق، بە رووداوی گوت، تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، ئەو کاتەی دایک و پێنج منداڵەکەیان گەیاندە نەخۆشخانە دۆخی تەندروستییان خراپ بوو.
ئەو بەرپرسەی بەرگریی شارستانی دەڵێت، تیمەکانی بەڵگەی تاوان، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
رۆژی شەممە، 13ـی نیسانی 2024، بەهەمانشێوە ئاگر لە خانوویەکی دوو نهۆمی لە ناوچەی زوییەی کەڕادە لە شاری بەغدا کەوتەوە، بەهۆیەوە شەش ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا.
ساڵی رابردوو لە عێراق زیاتر لە 20 هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون، لەکاتێکدا ساڵێک پێشووتر، 32 هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکرابوون.