دادگەی فیدراڵی سکاڵایەک لەبارەی هەناردەی نەوت لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە تاوتوێ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، تاوتوێی سکاڵایەک دەکات، کە سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقوون لە پەرلەمانی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەی نەوتەوە تۆماری کردووە.
رۆژی سێشەممە 28ی نیسانی 2026 دادگەی باڵای فیدراڵی یەکەم دانیشتن لەبارەی ئەو سکاڵایەوە دەکات، کە عودەی عەواد، سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقوون لە پەرلەمانی عێراق کە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەقە، لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆماری کردووە.
لە سکاڵاکەدا عودەی عەواد داوایکردووە مەرج و رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رەزامەندی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆریی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بە نادروست بناسێنێت کە بە خاکی هەرێمی کوردستان تێپەڕ دەبێت.
تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایە لەدوای ئەوەیە کە لە 18ی ئادارەوە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی ئەو بۆرییەوە دەستی پێکردووە، ئەوەش لەدوای ئەوەی هەولێر و بەغدا لەبارەیەوە گەیشتنە رێککەوتن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو دەستی کەوتوون، تیمی یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامنامەی خۆیان لەبارەی ئەو سکاڵایەوە ئاراستەی دادگەی فیدراڵی کردووە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو پرسەی سکاڵاکەی لەسەر تۆمار کراوە چارەسەر کراوە و ئەو کەسەشی سکاڵاکەی تۆمار کردووە بەرژەوەندیی تێدا نییە، کە یەکێکە لە مەرجەکانی پێشکێشکردنی سکاڵا لەو دادگەیە.
ئێستا رۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە دەکرێت وەک رێگەیەکی جێگرەوە بۆ راوەستانی هەناردەی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە.