حکومەتی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە تایبەت بە هێرشەکەی سەر کوێت پێکدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی کوێت دەڵێ، بەیانیی ئەمڕۆ دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە عێراقەوە ئاراستەی دوو بنکەی وڵاتەکەی کراون. وەزیری ناوخۆی عێراقیش فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دەرکرد.
وەزارەتی بەرگریی کوێت لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لە عێراقەوە ئاراستەکرابوون، دوو ناوەندی سنووریی وشکانیی باکووری کوێتیان لە هێرشێکی دووژمنکارانەدا کردە ئامانج."
بەپێی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی مادی هەبووە.
لە کاردانەوەی ئەم رووداوەدا، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ فەهد یوسف سەباح، وەزیری ناوخۆی کوێت ئەنجامدا.
وەزیری ناوخۆی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشە "تێکدەر و دووژمنکارانەیەی" کرد و رایگەیاند، ئەم کارانە گوزارشت لە سرووشتی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات ناکەن.
وەزیری ناوخۆی عێراق راشیگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، رێنمایی داوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بۆ زانینی وردەکاریی رووداوەکە و کارکردن بۆ دۆزینەوەی ئەو لایەنەی لە پشت هێرشەکەوە بوون تاوەکو دەدرێنە دادگە.
لە کۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوو وەزیر جەختیان لە گرنگیی هاوئاهەنگیی ئەمنی نێوانیان کردوەتەوە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو شێوەیە و پاراستنی سەقامگیریی ناوچە سنوورییەکان.