سەرکردەیەکی حیکمە: ئەمشەو رێکنەکەوین، شەش بەربژێرەکەی پێشوو دەهێندرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە رایگەیاند، 50%ی پێشنیازەکان لەبارەی میکانیزمی دەنگدان بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلاکراوەتەوە و پێشنیازێک کراوە کە بەربژێرەکە بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و 110 کورسیی پەرلەمانی یەکلا بکرێتەوە.
ئەگەر ئەوە جێبەجێ بکرێت، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان شانسی پەسندکردنی هەیە.
بڕیارە ئەمشەو هەینى 24ى نیسانى 2026، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بۆ تاوتوێکردنی پرسی دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران کۆببێتەوە.
سەباح ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 8:00ی رووداو رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زانیارییەکان بەو ئاراستەیەن کۆبوونەوەکەی ئەم شەوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکرێت، ئەگەر لە سەرەتای کۆبوونەوەکە رێککەوتن لەبارەی میکانیزمی دەنگدان بۆ دیاریکردنی بەربژێرى سەرۆکوەزیران کرا، ئەوە بەربژێرەکە یەکلا دەبێتەوە، ئەگەرنا پرسەکە دەکەوێتە رۆژی شەممە.
ناکۆکیی نێوان شیعەکان لەبارەی میکانیزمی دەنگدانە لەنێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران، بەشێکیان دەڵێن پێویستە دوو لەسەر سێی دەنگی 12 ئەندامەکەی ئەو هاوپەیمانییە بەدەستبهێنێت کە هەشت ئەندامە، بەشەکەى دیکە داوا دەکەن دوو لەسەر سێی دەنگى 164 پەرلەمانتارەکەیان بەدەستبهێنێت، کە 110 پەرلەمانتارە.
سەباح ساڵحی گوتی: "پێشنیازێکی نوێ هەیە کە ئێمە و بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاڵپشتی دەکەین، بەوەی هەردوو میکانیزمەکە تێکەڵ بکرێت و ئەو بەربژێرەی پەسند دەکرێت، رەزامەندیی هەشت سەرکردەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەدەستبهێنێت، بەو مەرجەی کە ئەو سەرکردانە 110 پەرلەمانتاریان هەبێت."
سەباح ساڵحی پێیوایە، ئەگەر ئەو پێشنیازە پەسند بکرێت، چانسی بەربژێری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان زۆرترە.
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتى دەکات، ئیحسان عەوادی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر کردووە، هەروەها هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکی سەرۆکایەتى دەکات، باسم بەدرى بۆ هەمان پۆست بەربژێر کردووە.
ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە رایگەیاند کە ئەگەر هیچ کام لەو دوو بەربژێرە نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن و رێککەوتن لەبارەیانەوە نەکرا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەگەڕێتەوە بۆ تاوتوێکردنی شەش بەربژێری دیکە کە پێشتر وردبینی لە دۆسیەکانیاندا کردووە.
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوەکو 25ـی نیسان بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلا بکاتەوە، بەوپێیەی 11ی نیسان سەرۆککۆمار هەڵبژێردراوە و دەستوور 15 رۆژی دیاریکردووە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارەوە.