وەزارەتی دەرەوەی عێراق رەتیدەکاتەوە فوئاد حوسێن نامەی ترەمپی گەیاندبێتە دەسەڵاتدارانی ئێران

رووداو دیجیتاڵ

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە ماڵپەڕێک و بەشێک لە هەژمارەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە گوایە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق نامەیەکی هەڕەشەئامێزی دۆناڵد ترەمپی گەیاندووەتە دەسەڵاتدارانی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، ئەو هەواڵە دوورە لەراستییەوە و بە "چەواشەکارانە" ناوی دەبات.
 
ئەمڕۆ هەینی، 23ی ئایار، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە ماڵپەڕێکدا راپۆرتێک لە ژێر ناونیشانی چەواشفوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق.ەکارانەی (ترەمپ دوو هەفتە دەرفەتی داوەتە ئێران کە میلیشیاکانی لە عێراق دەربکات) بڵاوکراوەتەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە گوایە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە نامەیەکی دۆناڵد ترەمپی لەبارەی ئەو بابەتە گەیاندووەتە دەسەڵاتدارانی ئێران."
 
وەزارەتی دەرەوە دەڵێت: "وەزارەتەکەمان دووپاتی دەکاتەوە، ئەوەی لەو راپۆرتەدا باس کراوە پشتبەستوو بە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی نییە، بەڵکو نموونەیەکە لە کاری ناپیشەییانەی میدیا کە مەبەست لێی بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە و ناڕاستە، کاریگەری نەرێنیشی لەسەر بیروڕا و روانگەی گشتی دەبێت."
 
بە گوێرەی ئەو وەزارەتە، "ئەو زانیاری و لێدوانانەی لەلایەن حکومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە دەدرێن، تاکە سەرچاوەی پشتپێبەستراون بۆ هەر زانیاری و پرسێک کە پەیوەندییان بە سیاسەتی دەرەوەی عێراقەوە هەیە".
 
حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق وەک هێزێکی یاسایی دەنگی پێدراوە، بەڵام لە گرووپی جیاوازی چەکداری پێکدێت و بە کۆی گشتی زیاتر لە 150 هەزار چەکدارە.
 
ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراقی کە بەشێکیشیان لەنێو حەشدی شەعبیدان لە ئێرانەوە نزیکن و لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان، وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا، عەسایبی ئەهلی حەق و بزووتنەوەی نوجەبا.