لە بەغدا کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی چوار کەس دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا لە پارێزگاکانی بەغدا و سەلاحەدین، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد، یەکێکیان تۆمەتبارە بە کوشتنی چوار هاووڵاتی لە رووداوێکی شێلاندا، ئەوی دیکەیان تۆمەتبارە بە هەڕەشەکردن و سەرانەسەندن لە کچێک.
فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا- رەسافە ئێوارەی دوێنێ هەینی، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد، کە بەرپرسیار بووە لە گیانلەدەستدانی چوار هاووڵاتی و برینداربوونی کەسێکی دیکە لە رووداوێکی شێلان لە بەغدا.
بەپێی راگەیێندراوەکە، دوای بەدواداچوونی وردی کامێراکانی چاودێری، کۆکردنەوەی زانیاری و دانانی بۆسەیەکی تۆکمە، تۆمەتبارەکەیان دەستگیرد و دەستیشگیراوە بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەی تاوانەکەی پێ کردبوو. تۆمەتبارەکە راگیراوە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست لە دژی.
لەلایەکی دیکە لە پارێزگای سەڵاحەدین، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی دیکەی راگەیاند، کە هەڕەشەی ئەلیکترۆنی لە کچێک کردبوو.
فەرماندەیی پۆلیسی سەڵاحەدین دەڵێت، هێزەکانی بەشی نەهێشتنی تاوانی سامەڕا- نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی بەلەد، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد، کە هەڕەشەی لە کچێک کردبوو و داوای سێ هەزار دۆلاری ئەمریکی لێکردبوو لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی وێنە تایبەتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دوای ئەوەی مۆبایلی کچەکەی دزیبوو.
دەستگیرکردنەکە دوای ئەوە هات، کچەکە پەنای بۆ نووسینگەی نەهێشتنی تاوان بردبوو و سکاڵای تۆمارکردبوو.