بکوژی هیشام هاشمی رادەستی وەزارەتی داد کراوە


رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، بکوژی هیشام هاشمی رادەستی وەزارەتی دادی عێراقی کراوە.
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە نووسراوی فەرمی، وەڵامی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراقی داوەتەوە و دەڵێت، "تاوانبار ئەحمەد حەمداوی عوێد معارج لە 10-05-2023 براوەتە فەرمانگەی چاکسازیی عێراقی سەر بە وەزارەتی داد، دوای ئەوەی بڕیاری لە سێدارەدانی بۆدەرچوو لە 07-05-2023".
 
رۆژی 7-5-2023، دادگەی تاوانەکانی رەسافە لە بەغدا سزای لەسێدارەدانی بۆ بکوژی هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنیی عێراقی دەرکرد کە تاوانبار ئەفسەرێکی وەزارەتی ناوخۆ بووە.
 
شەوی 6ـی تەممووزی 2020، هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنیی عێراقی و گۆشەنووسی تۆڕی میدیایی رووداو لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە بەغدا لەلایەن ژمارەیەک چەکداری دەمامکدارەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. دوای ساڵێک لە کوژرانی، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق دەستگیرکردنی بکوژانی هاشمی راگەیاند. 
 
رۆژی 12-03-2023، مستەفا کازمی لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لە خۆپێشاندانەکانی کۆتایی ساڵی 2019ـی عێراق کرد کە 600 گەنجیان تێدا کوژرا و نزیکەی 24 هەزار کەسیش بریندار بوون.
 
کازمی باسی "تیمی مەرگ"ـی کرد لەنێو دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان و گوتی، "بوونیان لەنێو دەزگایەکی دیاریکراو دەقۆستەوە بۆئەوەی کاری کوشتنی چالاکڤانان و تۆقاندنیان بکەن. ئەوان دەستگیرکران و دانیان بە تاوانی گەورەدا نا؛ ئەو کەسەشی کە هیشام هاشمی کوشت، ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ بوو و لەگەڵ یەکێک لە گرووپە چەکدارەکان کاری دەکرد".