عێراق پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لەو دەستپێشخەرییەی ویلایەتە یەکگرووەکانی ئەمریکا دەکات کە بووە هۆی راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل و ئەو هەنگاوەی بە پێشهاتێکی ئەرێنی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا ناوبرد.
رۆژی سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکا دەکەن کە رێککەوتنی ئاگربەستی لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل لێکەوتەوە، "ئەمەش پێشهاتێکی ئەرێنی بەرەو کەمکردنەوەی گرژییەکان و پتەوکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا نیشان دەدات."
دوای 12 رۆژ لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ ئاگربەستی لەنێوان لایەنە شەڕکەرەکان راگەیاند.
عێراق ستایشی ئەو جووڵەیە دەکات و جەخت لە پابەندبوونی هەمیشەیی خۆی بە چارەسەری ئاشتیانە و دیپلۆماسی بۆ قەیرانە هەرێمییەکان دەکاتەوە، بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەلامەتیی گەلانی ناوچەکە بپارێزێت و رێگری لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان بکات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پیرۆزبایی لە وڵاتی قەتەریش دەکات و دەڵێت: "پیرۆزبایی لە وڵاتی قەتەری برا دەکەین بۆ هەوڵە دیپلۆماسی و نێوەندگیرییەکانی کە بوونەهۆی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست، ئەمەش رۆڵی گرنگی ئەو وڵاتە لە پشتیوانیکردنی سەقامگیریی هەرێمیدا دەردەخات."
هاوکات جەختیشی کردەوە لە "پێویستیی پابەندبوونی تەواو بە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، چونکە بایەخی زۆری هەیە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستانەکان."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پیرۆزبایی لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەکات و هیوا دەخوازێ کە ئەم هەنگاوە ببێتە "سەرەتایەکی راستەقینە بۆ چارەسەرێکی ریشەیی و بەردەوامی گرژییەکان، لە رێگەی رێکارە ئاشتیانە و دیپلۆماسییەکانەوە."