ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری: نووسراوی هێرشکردنەسەر ناوچەی سەوز ساختەیە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو نووسراوەی بەناوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لەبارەی هێرشکردنە سەر ناوچەی سەوز بڵاوبووەتەوە "راست نییە و ساختەیە".
 
مەریوان قەرەنی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە، 24-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە دواداچوونم بۆ ئەو نووسراوە کرد کە بەناوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لەبارەی هێرشکردنە سەر ناوچەی سەوز بڵاوکراوەتەوە و دەرکەوت نووسراوەکە راست نییە و ساختەیە".
 
رۆژی دووشەممە، 24-07-2023 بەشێک لە میدیاکانی عێراق نووسراوێکیان بەناوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بڵاوکردەوە، کە نووسراوێکی نهێنی و بە پەلەی ئاراستەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رەسافە-ی شاری بەغدا کردووە، تێیدا باس لەوەدەکات نامەی نهێنی و بەپەلەیان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرخ-ی شاری بەغدا پێگەیشتووە سەبارەت بەوەی گرووپی لە یاسا دەرچوو بەنیازن لە کاژێرەکانی داهاتوو، یان رۆژانی داهاتوودا مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوز بکەن. 
 
لە نووسراوەکەدا، کە دەگوترێت ساختەیە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا داوا دەکات رێکاری پێویستی ئەمنی بگرنەبەر، بۆسە لەو ناوچانە دابنێن، کە ئەگەری هەیە مووشەک لێوەی ئاراستەی ناوچەی سەوز بکرێت.