سوودانى: پابەندین بە پاراستنى نێردە دیپلۆماسییەکان

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە نێردە دبلۆماسییە بیانییەکان کرد، رۆڵببینن لە رێگریکردن لە مامەڵەی "رەگەزپەرستانە" و جەختیشیکردەوە، کە حکومەتەکەى پابەندە بە پاراستنى سەرجەم نێردە دیپلۆماسییەکان.
 
رۆژی 24ى تەممووزی 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ نوێنەرى ژمارەیەک لە نێردە دیپلۆماسییە بیانییەکان لە بەغدا کۆبووەوە. 
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، حکومەتەکەى پابەندە بە پاراستنى سەرجەم نێردە دیپلۆماسیەکان  لە بەغدا و ئەو بەرپرسیارێتیەشی پەیوەستە بە رێکەوتنامەى نێودەوڵەتى ڤیەننا، کە تایبەتە بە رێکخستنى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان.
 
رۆژی 20ى تەممووزی 2023 ژمارەیەک لە خۆپێشاندەران هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەى سوێد لە بەغدا و بەشێکیان سووتاند، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بێڕێزیی بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز و ئاڵاى عێراق لەلایەن سەلوان مۆمیکا، پەناخوازی کریستیانى عێراقى لە سوێد.
 
محەممەد شیاع سوودانى داواى لە وڵاتانى ئەوروپا کرد رۆڵى خۆیان بگێڕن لە بنبڕکردنى هەموو جۆرە مامەڵەیەکى رەگەزپەرستانە. 
 
سوودانی بە گرنگى زانى کار لەسەر رەتکردنەوەى گوتارى رق و کینە و تووندڕەوى بکرێت، کە لە رێگەى بێڕێزیی بەرامبەر بە پیرۆزیی و بیروباوەڕى گەلانەوە دەکرێن.
 
رۆژی 20ى تەممووزى 2023 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بکشێنێتەوە، هەروەها داواى لە باڵیۆزی سوێد کرد خاکی عێراق جێبهێڵێت.
 
سوودانى لەو کۆبوونەوەیەى لەگەڵ نوێنەرانى نێردە دیپلۆماسییەکاندا جەختیکردەوە، رێگە نادەن عێراق بۆ ململانێ رابکێشرێت.