وەزارەتی دەرەوەی عێراق: دوو رۆژە تیمی دیپلۆماسی دانیمارک عێراقیان جێهیشتووە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، تیمی دیپلۆماسیی دانیمارک، دوو رۆژ لەمەوبەر عێراقیان بەجێهیشتووە.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 24-07-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "تیمی دیپلۆماسی نێردەی دانیمارک، دوو رۆژە عێراقی بەجێهێشتووە".
ئەمڕۆ دوو کەس لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک کۆپییەکی قورئانی پیرۆزیان سووتاند.
ئەو دوو کەسە خۆیان بە خۆپێشاندەر ناساند و ئەندامی هەمان ئەو گرووپەن بە ناوی 'نیشتمانپەروەرانی دانیمارکی' کە رۆژی هەینی، 21-7-2023 لە لایڤێکی فەیسبووکدا کارێکی هاوشێوەیان لە هەمان شوێندا کرد.
لە کاردانەوەی ئەوەدا رۆژی شەممە، 22-07-2023 کەسانی نەناسراو هێرشیانکردە سەر بارەگای کۆمپانیای DCRی دانیمارکی کە لەبواری هەڵگرتنەوەی مین لە بەسرە کار دەکات. بەهۆی ئەو هێرشەوە، ژمارەیەک کەرەڤانەی سەر بە کۆمپانیاکە سووتێندران.
بەرەبەیانی هەمان رۆژ دەیان هاووڵاتیی عێراقی، کە زۆربەیان لایەنگری رەوتی سەدر بوون، خۆپێشاندانیان کرد و هەوڵیاندا بچنە سەر باڵیۆزخانەی دانیمارک لە ناوچەی سەوزی شاری بەغدا.
خۆپێشاندەران دروشمی جیاوازیان دژی دانیمارک گوتەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە لەسەر پردی کۆماری رێگریان لێکرا، بۆ ماوەیەک گرژی لەنێوان هەردوولا دروستبوو و دواتر خۆپێشاندەران پاشەکشەیان کرد.
لەوبارەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بە تووندترین شێوە بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراقی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، "ناکرێت ئەم جۆرە کارانە لە چوارچێوەی ئازادی رادەبڕین بکرێن".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد بەپەلە کاردانەوەی هەبێت و رێگە لە دووبارە بوونەوەی ئەو کارانە بکات " کە ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە جیهاندا" دەخەنە مەترسییەوە.