بانکی ناوەندیی عێراق: عمولەی راکێشانی مووچە بۆ هەزار دینار لە 6 دینار زیاتر نەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق ئەو بڕە پارەیەی دیاریکرد کە وەک عمولەی راکێشانی مووچەی بە جێکراو( تەوتین) وەردەگیرێت، کە نابێت لە ئامێرى (ATM) بۆ هەزار نابێت 6 دینار زیاتر وەربگیرێت.
ئەو بڕیارەی بانکی ناوەندیی عێراق لە رێگەی نووسراوێکەوە بووە کە پێنجشەممە، 24ـی تەممووز، ئاراستەی بانکە مۆڵەتپێدراوەکان و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی پارەدانی ئەلیکترۆنی کراوە.
بەپێی نووسراوەکەی بانکی ناوەندی، زۆرترین بڕی عمولە بۆ راکێشانی نەختینەیی پارەی مووچەی بەجێکراو لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنی و لە ئامێرەکانی فرۆشتن (POC)، شەش دینارە بۆ هەر هەزار دینارێک؛ بەشێوەیەک کە سێ دیناری بۆ خاوەنی ئامێرەکە (دەروازەی پارەدان) و سێ دینارەکەی دیکەی بۆ ئەو کۆمپانیایەیە کە پارەکە دەدات، ئەو بڕە عمولەیەش بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە پارەی نێو کارتەکە دەبڕدرێت.
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامێری (POC) لە خاڵەکانی فرۆشتن دادەنرێت و فەرمانبەرەکە لەرێگەیەوە پسوولەی راکێشانى پارە وەردەگرێت و دواتر کۆمپانیای ئاڵوگۆڕى دراو پارەکە بە نەختینەیی دەداتە ئەو فەرمانبەرەی کە مووچەکەى بەجێکراوە."
لە نووسراوەکەی بانکی ناوەندیدا هاتووە کە زۆرترین عمولەی راکێشانی پارە لە ئامێرەکانی پارە راکێشان (ATM)، چوار دینارە بۆ هەزار دینار.
بەو پێیە ئەگەر فەرمانبەرێک مووچەکەی یەک ملیۆن دینار بێت، لە کاتی راکێشانی هەموو پارەکە لەرێگەی ئامێری (ATM)، چوار هەزار دیناری وەک عمولە لێ دەبڕدرێت.
سەروەت جاف رایگەیاند، "ئەو عمولەیە زیاتر بۆ وەرگرتنى مووچەیە لەرێگەى ئەى تى ئێمى بانکێکى دیکەوە جیاواز لە و بانکەى کە بەجێکردنى مووچەکەى تێدا کراوە و پێشتر 2% بۆ 3% ى مووچەى راکێشراو لە رێگەى ئەو ئامێرەوە وەک عمولە بڕدراوە.
بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش داوە کە پارەی عمولەی راکێشانی مووچە بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبڕدرێت و نابێت فەرمانبەر راستەوخۆ هیچ بڕە عمولەیەکی دیکە بداتە دەروازەکانى پارەدان.
بە گوتەى بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی، ئەو بڕە پارەیەى بانکى ناوەندى دیاریکردووە وەک عمولە بۆ راکێشانى پارەى مووچەى بەجێکراو هەمان ئەو بڕە پارەیەیە کە پڕۆژەى هەژمارى من لە هەرێمى کوردستان بۆ راکێشانى ئەو مووچەیە پەیڕەوى دەکات و پێشتر لەسەر ئەو بنەمایە گرێبەستى لەگەڵ بانکەکان کردووە.