گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق حەوت هێندە خێراترە لە جیهان

رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی چەند لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی، عێراق لاوازترین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ئەو رەوتەی گۆڕانی کەشوهەوا کە لە عێراق دا هەیە، حەوت هێندە خێراترە لە رەوتە جیهانییەکەی گۆڕانی کەشوهەوا.
 
دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق بە چەندین شێوە خۆی دەرخستووە، وەکو بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، زۆربوونی شەپۆلە بەرزەكانی گەرما، کەمبوونەوەی بارانبارین و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو.
 
کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق لەسەر سەقامگیریی ئاسایشی عێراق لە ئایندەدا دەردەکەون، کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، ئاوارەبوون و کۆچی نێوخۆیی دروستدەکات، ئەوەش ناکۆکیی لەسەر ئەو سەرچاوانە دروستدەکات کە دەمێنن و بەشی هەموو دانیشتووانی عێراق ناکەن.
 
دوو لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی، لە دوو رووەوە باسی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق دەکەن:
 
لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی زانکۆکانی مالیزیا، بەسرە و سیئۆل، تێیدا لەنێوان ساڵەکانی 1965 بۆ 2015 وردبینی بۆ زانیارییەكانی رۆژ بە رۆژی پلەکانی گەرما لە 15 شاری عێراقدا کراوە، کە دەیسەلمێنێت پلەکانی گەرما لە عێراق بە رەوتێکی زۆر خێرا هەڵدەکشێن، کە بە حەوت جار خێراتر لە ئاستە جیهانییەکەی هەڵکشانی پلەکانی گەرما هەژمار دەکرێت. ئەمەش هەڕەشەیەکی زەقی گۆڕانی کەشوهەوایە لە عێراق.
 
لە لایەکی دیکەوە، پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی، لێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق ئامادەکردووە و هۆشداری دەدات لە ئاوارەبوون و کۆچی نێوخۆیی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هەروەها زیادبوونی برسێتی لە عێراق.
 
مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئاسایشی عێراق
 
پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی، کە لە ساڵی 1966ـەوە دامەزراوە و لەلایەن حکومەتی سوێدەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت، تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە بوارەکانی ململانێ ناچەکداری و ململانێ چەکدارییەکان لە جیهاندا.
 
پەیمانگەکە گرووپێکی دروستکردووە بە ناوی "تیمی کاری پسپۆڕانی تایبەتمەند بە مەترسییە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بە کەشوهەواوە". ئەم گرووپە لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن لەسەر ئاسایش و ناکۆکییەکان لە جیهاندا، گرووپەکە هەڵسەنگاندن و لێکۆڵێنەوەی ورد ئامادە دەکات لە بوارەکەی خۆیدا و تێیدا مەترسییە ئەمنی و جوگرافییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەخاتەڕوو، هەروەها کار دەکات بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی بڕیاردان و پلاندانان لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مەترسییە ئەمنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
 
لە ساڵی 2018دا گرووپەکە لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق ئامادە کردووە، تێیدا عێراقی بە لاوازترین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەژمار کردووە لەبەردەم هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
 
لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، کەمبوونی ئاو لە عێراق، بەرزبوونی پلەکانی گەرما و شەپۆلە زۆر گەرمەکان و کارەساتە سرووشتییەکان، گوشار لەسەر سەرچاوە سەرەکییەکانی ژیان لە عێراق دروستدەکەن و ژیانی ئاشتەوایی لە عێراق دەخەنە ژێر هەڕەشەوە.
 
هەروەها ئاماژە بە مەترسیی بێتوانایی حکومەت دەکات بۆ دانانی پلانێک بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. دەشڵێت، گەندەڵی، حوکمڕانیی لاواز و سزاکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو پاشخانەی سەدام حوسێن جێیهێشتووە، وایکردووە وڵاتەکە لاواز بێت و توانای نەبێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و چاکسازی لە تۆڕی دابەشکردنی ئاو و کەرتی کشتوکاڵ. نموونەش دەهێنێتەوە کە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو پلانێکی 20 ساڵیی هەیە بۆ مۆدێرنەکردنی ژێرخانی تۆڕەکانی ئاو کە لە ساڵی 2015 دایڕشتووە، بەڵام نەبوونی بودجە و پشتیوانی، ئەو پلانەی بێ جێبەجێکردن هێشتووەتەوە. ئەو پلانە پێویستی بە 160 ملیار دۆلارە، واتە ساڵانە هەشت ملیار دۆلار بۆ ماوەی 20 ساڵ، بەڵام وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو کەمترین بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت. بۆ نموونە لە ساڵی 2017دا لە کۆی بودجەی 85.2 ملیار دۆلار، تەنیا 558.1 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق تەرخان کرابوو.
 
لێکۆڵینەوەکە ئەوە دەخاتەڕوو، عێراق لە خراپترین قەیرانی ئاودایە لە ماوەی 80 ساڵی رابردوودا. بەهۆی کەمبوونی بارانبارین، عێراق پشت بە ئاوی رووبارەکان دەبەستێت کە لە وڵاتانی دراوسێیەوە دێن، دروستکردنی بەنداویش لەسەر ئەو رووبارانە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە، وایکردووە عێراق رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی ببێتەوە، ئەگەر کاریگەرییەکانی کەشوهەوا تووندتر بن لەو وڵاتانە، ئەوا عێراق دۆخی خراپتر دەبێت، چونکە ئاوی کەمتری بۆ بەر دەدرێتەوە.
 
گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونی ئاو، وەکو راپۆرتەکە دەڵێت، مەترسیی ئاوارەییش دروستدەکات، حەوت ملیۆن کەس لە کەنارەکانی رووباری دیجلە دەژین، ئەگەر بێبارانی بەردەوامبێت و تورکیاش کەمتر ئاوی دیجلە بەربداتەوە، ئەو خەڵکە ناتوانن ژیانی خۆیان دابین بکەن و ئاوارە دەبن. هەمان مەترسییش لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە ئەگەر ئێران سەرچاوەکانی ئاو بگرێتەوە.
 
گۆڕانی کەشوهەوا لە شێوەی کەمبوونی بارانبارین و بەرزبوونی پلەکانی گەرما لە عێراق دەرکەوتووە، هەروەها وشکەساڵیشی زۆرتر و درێژتر کردووە. ئەمە مەترسیی گرژیی نێوخۆیی لەسەر ئەو سەرچاوە کەمەی ئاو و خۆراک دروستدەکات کە دەمێنێت، بەتایبەتی لە گوندەکاندا. ئەمە لە ئێستاوە لە ناوچەکانی باشووری عێراق دەرکەوتووە، کە چەندین ساڵە بەهۆی کەمیی ئاوەوە خۆپێشاندان دەکەن و پشێویی لێ دەکەوێتەوە.
 
راپۆرتەکە دەشڵێت، ئەو ئاڵنگارییە ژینگەییانەی رووبەڕووی عێراق دەبنەوە، لە ئاییندەدا مەترسین بۆسەر ئاشتی و سەقامگیری لەو وڵاتەدا.
 
ئاستی ئاوی رووبارەکانی عێراق لە چەند دەیەی رابردوودا بە رێژەی 40% کەمیکردووە و هێشتاش ئەو کەمبوونە لە زیادبووندایە. ئێستا دوو ملیۆن عێراقی کێشەی دابینکردنی خۆراکیان هەیە، کە زۆرینەیان لە دەرەوەی شارەکاندا دەژین. زیاتریش ئەو خێزانانە رووبەڕووی مەترسیی کەمیی خۆراک دەبنەوە، کە سەرۆکی خێزان تێیاندا ژنە.
 
کەمبوونەوەی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی لە عێراق دوو هێندە لە ئاستی جیهانی خێراترە، لە کاتێکدا سیستەمی ئاودێری و تۆڕی دابەشکردنی ئاوی عێراق لە ساڵانی 1950 و 1960دا دروستکراون و ناتوانن وەڵامی پێویستی و ئاڵنگارییەکانی ئەم سەردەمە بدەنەوە.
 
بانکی جیهانیی دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2050 گۆڕانکاریی گەورە لە کەشوهەوای عێراقدا روودەدەن، بارانبارین بە رێژەی 9% کەمدەبێتەوە، 17%ی ئەو کەمبوونەوەیە لە مانگەکانی کانوونی یەکەم، کانوونی دووەم و شوبات روودەدەن. بانکی جیهانی پێشبینی دەکات بارانبارینی بەردەوام کە پێنج رۆژ بخایێنێت کەم بکات، هەروەها ماوەکانی نێوان بارانبارینەکانی درێژ دەبن. ئاوی بارانیش کە لەسەر زەوی کۆببێتەوە و جۆگە بکات، بە رێژەی 22% کەم دەکات.
 
تاوەکو ساڵی 2050 پلەی گەرماش لە عێراق دوو پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە، شەپۆلەکانی گەرماش زیاد دەکەن. کەوتنی زووقم کەمدەبێتەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونی باران، خۆڵبارینیش زیاد دەکات.
 
هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە 92%ی خاکی عێراق لەبەردەم هەڕەشەی بەبیابانبووندایە.
 
عێراق، زۆرترین سەرچاوەکانی ئاوی لە وڵاتانی دراوسێوە وەردەگرێت. لە تورکیا 80%، لە ئێران 7% و لە سووریا 4%. لەگەڵ کەمبوونەوەی بارانبارین، عێراق زیاتر پشت بە بەردانەوەی ئاو لەو وڵاتانەوە دەبەستێت، لە کاتێکدا ئەو وڵاتانە بەنداو لەسەر ئەو سەرچاوانەی ئاو دروستدەکەن.
 
ئەو بەنداوانەی ئێران دروستیان دەکات، کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەتی هەڵەبجە ئەگەر ئێران بەنداوی داریان بخاتەکار؛ ئەمە وا دەکات گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروست ببێت و، لای خۆیەوە بەنداو دروستبکات و ئاو کەمتر بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق بەربداتەوە.
 
ئەگەر تورکیاش بە تەواوی دەستبکات بە پڕکردنی بەنداوەکانی، ئەوا بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق 60% کەم دەکات و کاریگەری دەکاتە سەر حەوت ملیۆن کەس لە پێنج پارێزگای عێراق کە لە 36 شار و شارۆچکەدا دەژین، بەتایبەتی موسڵ، هەروەها نێوەڕاست و باشووری عێراق.
 
ئەگەر ئەوە رووبدات، خەڵک ئاویان بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ نابێت، بۆیە ناچار ئاوارە دەبن و کۆچ دەکەن بۆ ئەو شوێنانەی ئاوی هەیە، ئەمەش وادەکات گوشار لەسەر ئەو سەرچاوانە دروس ببێت کە دەمێننەوە. بۆ نموونە لە وشکەساڵیی ساڵی 2007 بۆ 2009 نزیکەی 40%ی ئەوانەی دانەوێڵەیان دەکرد لە عێراق، رووبەڕووی کێشە بوونەوە و 20 هەزار کەسیان کە دانیشتووی گوندەکان بوون، کۆچیان کرد بۆ ناوچەکانی دیکە.
 
هەروەها لە چەند ساڵی رابردوودا لە دیالە، بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە و کارەباوە 35 هەزار کەس کۆچیان کردووە.
 
گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق حەوت هێندە خێراترە لە جیهان
 
گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق حەوت هێندە خێراترە لەوەی لە جیهاندا هەیە، بە گوێرەی زانیارییەکانی حکومەتی عێراق، رێژەی بارانبارین لە عێراق لە 20 ساڵی رابردوودا 10% کەمتر بووەتەوە، بەراورد بە 30 ساڵ پێشتر.

لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لەنێوان بەشی هایدرۆلۆجیی کۆلێژی ئەندازیاری شارستانیی زانکۆی تەکنەلۆژی مالیزیا، لەگەڵ کۆلێژی ئەندازیاری شارستانیی زانکۆی نیشتمانیی سیئۆل بۆ زانست و تەکنەلۆژیا و بەشی جیۆلۆجیی کۆلێژی زانست لە زانکۆی بەسرە، وردبینیی بۆ زانیارییەکانی پلەکانی گەرما لە عێراق لەنێوان ساڵەکانی 1965 بۆ 2015 کردووە.
 
ئەو لێکۆڵینەوە زانستییە لە ساڵی 2017 بڵاوکراوەتەوە بە ناونیشانی (ئاراستە درێژمەوداکانی پلەی گەرمی بەرزی رۆژانە لە عێراق، بەراوردی ساڵەکانی نێوان 1965 بۆ 2015).

لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، لە سەت ساڵی رابردوودا، لەنێوان 1906 بۆ 2005، بەگشتی پلەی گەرمای زەوی 0.74 پلەی سیلیزی بەزبووەتەوە. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی لە ساڵی 1970 بەدواوە خێراتر بووە و گەیشتووەتە بەرزبوونەوەی 0.15 پلەی سیلیزی لەهەر دەیەیەکدا.
 
لە جیهاندا، ناوچە دەشتایی و کەمئاوەکان هەڕەشەی زیاتری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایان لەسەرە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە ناوچە دەشتاییەکانی ئاسیا، وا دەکات هەڵمبوونی ئاو زیاتر بێت و بەو هۆیەوە ئاو کەم دەبێتەوە و ئاسایشی خۆراک دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە، لە ئەنجامدا خەڵکی زیاتر رووبەڕووی برسێتی دەبنەوە.
 
عێراق کەشوهەوایەکی وشکی هەیە و رووبەڕووی پلەی گەرمای بەرز دەبێتەوە، بەتایبەتی لە مانگی تەممووز کە شەپۆلێکی پاڵەپەستۆی بەرز باڵ بەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەکێشێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلی گەرما.

لێکۆڵینەوەکە روونیدەکاتەوە، کاتێک پلەی گەرمای زەوی لە ناوچەکانی دەوروبەری کەنداو بەرز دەبێتەوە، هەوا بە خێرایی بەرز دەبێتەوە و شەپۆلێک دروست دەبێت کە هەوای شێداری دەریا دەگوازێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی شێ، ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی بەرزترین ئاستی گەرما و شێ، کە لە جیهاندا بە "پلەی گەرمیی گڵۆپی تەڕ" ناسراوە.

گەرمبوونی دەریاکان بەهۆی دیاردەی جیهانیی گەرمبوونی زەوییەوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی شێ، ئەمەش پلەی گەرما لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرز دەکاتەوە. لەبەر ئەم هۆکارانە، ناوچەکە بە گشتی بە لاواز دادەنرێت بەرامبەر بە گۆڕانی کەشوهەوا.

ئاژانسی UNDPی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2010 عێراقی بە یەکێک لە لاوازترین وڵاتەکانی هەرێمی عەرەبی دانا بەرامبەر هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

لە 22ی تەممووزی 2016 لە بەسرە پلەی گەرمای 54 پلەی سیلیزی تۆمارکرا، کە بەرزترین پلەی گەرمییە لە نیوەی رۆژهەڵاتی زەوی تۆمار کرابێت.

بۆ کەشوهەوا، بەگوێرەی تۆپۆگرافییەکەی، عێراق دەکرێتە چوار ناوچەوە:

ناوچەی یەکەم: ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵات، کە 21%ی خاکی عێراقە و کەشوهەوای دەریای نێوەڕاستی هەیە.

ناوچەی دووەم: ناوچەکانی باشوور و رۆژئاوای ناوچە شاخاوییەکان، کە 9.6%ی خاکی عێراقە، کەشوهەوایەکی دەشتایی هەیە.

ناوچەی سێیەم: دەشتی میزۆپۆتامیا لە نێوەڕاست و باشووری عێراق، 30.2%ی خاکی عێراقە و کەشوهەوایەکی نیمچە وشکی نیمچە گەرمەسێری هەیە.

ناوچەی چوارەم: بیابانی رۆژئاوا کە درێژکراوەی بیابانی سووریایە و 39.2%ی خاکی عێراق پێکدەهێنێت و کەشوهەوای بیابانی هەیە.
 
عێراق دوو وەرزی کەشوهەوای هەیە، هاوینێکی گەرم و وشک کە لە مانگی حوزەیرانەوە دەستپێدەکات تاوەکو ئەیلوول. هەروەها زستانێکی فێنک و تەڕ کە لە مانگی تشرینی دووەمەوە دەستپێدەکات تاوەکو ئادار. نزیکەی 90%ی بارانبارین لە نێوان تشرینی دووەم و نیساندا روودەدات، بەشەکانی دیکەی ساڵیش زۆر وشکن.
 
ئاستی بارانبارین لە 100 ملیمەتر لە ساڵێکدا لە ناوچەکانی نێوەڕاست و بیابانی باشوور دەستپێدەکات تاوەکو 1000 ملیمەتر لە ساڵێکدا لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور.

تێکڕای پلەی گەرمای نزم لە زستاندا لە پلەی نزیکی بەستنەوە لە ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵات دەستپێدەکات تاوەکو 4-5 پلەی سیلیزی لە باشووری عێراق.

لە هاویندا، تێکڕای نزمترین پلەی گەرما لەنێوان 27 بۆ 31 پلەی سیلیزیدایە و تێکڕای بەرزترین پلە لەنێوان 41 بۆ 45 پلەی سیلیزیدایە.

کەمیی بارانبارین و پلەی گەرمای بەرز وادەکات بەشێکی زۆری عێراق بیابان بێت. دۆخی تووندی کەشوهەوا و جیاوازیی تۆپۆگرافی لە عێراق وایکردووە وڵاتەکە زۆر رووبەڕووی کارەساتی سرووشتی ببێتەوە، بەتایبەتی کارەساتە هایدرۆلۆجییەکانی وەکو وشکەساڵی.

لێکۆڵینەوەکەی ئەو سێ زانکۆیە، وردبینی بۆ زانیارییەکانی کەشوهەوای رۆژانەی 15 شاری عێراقی کردووە لەنێوان ساڵەکانی 1965 بۆ 2015، ئەو شارانەی لە لێکۆڵینەوەکاندا چاودێریی پلەی گەرمییان کراوە ئەوانەن کە لەم خشتەیەی خوارەوەدا ئاماژەیان بۆ کراوە:


 
تێکڕای بەرزترین و نزمترین پلەی گەرمای ساڵانە
 
لە لێکۆڵینەوەکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو کە لە هەر دەیەیەکدا پلەی گەرما لە شارەکانی عێراق چەند بەرز بووەتەوە، هەروەها ئایا ئەو بەرزبوونەوەیە لە پلەی گەرمای رۆژدا بووە یان شەو، کە لەڕووی زانستییەوە پێی دەگوترێت "بەرزترین پلەی گەرما و نزمترین پلەی گەرما".

لێکۆڵینەوەکە، وەکو لەو خشتەیەی خوارەوەدا خراوەتەڕوو، ئەو گۆڕانکارییانەی لە پلەی گەرمادا روویداوە لە هەر دەیەیەکدا دەخاتەڕوو، ئەو خشتەیە دەریدەخات لە هەر دەیەیەکدا لەنێوان ساڵەکانی 1965 بۆ 2015، تێکڕای بەرزترین پلەی گەرما (پلەی رۆژ) و تێکڕای نزمترین پلەی گەرما (پلەی شەو) چەند بەرزبووەتەوە.

بەرزترین پلەی گەرما = رۆژ
نزمترین پلەی گەرما = شەو

ئاستی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە جیهاندا بەهۆی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەواوە لە ساڵی 1970وە بریتییە لە 0.15 پلەی سیلیزی بۆ هەر دەیەیەک، واتە لە هەر دەیەیەکدا پلەی گەرمای زەوی 0.15 پلەی سیلیزی زیاد دەکات.



لەو 15 وێستگەیەی عێراق کە چاودێری کراون، پلەکانی گەرما لە هەردوو ئاستی بەرزترین پلە و نزمترین پلە بەرز بوونەتەوە.
لە 13 وێستگەدا، بەرزبوونەوەیەکی زۆر هەیە لە بەرزترین پلەی گەرما (پلەی گەرمای رۆژ). هەروەها لە 12 وێستگەدا، بەرزبوونەوەی بەرچاو هەیە لە نزمترین پلەی گەرما (پلەی گەرمای شەو).

گۆڕانکارییەکان لە بەرزترین پلەی گەرما

زۆرترین بەرزبوونەوەی لە تێکڕای بەرزترین پلەی گەرما (پلەی رۆژ) لە تەلەعفەرە، کە دەکەوێتە ناوچەی یەکەوە لە باکووری عێراق، کە 1.01 پلەی سیلیزی لە هەموو دەیەیەکدا زیادیکردووە. دوای ئەوەش خانەقین دێت لە ناوچەی دوو کە 0.93 پلەی سیلیزی لە هەر دەیەیەکدا زیادیکردووە؛ پاشان بەسرە لە ناوچەی سێ کە 0.89 پلەی سیلیزی لە هەر دەیەیەکدا زیادیکردووە.

وێستگەی روتبە لە بیابانی رۆژئاوای عێراق، کەمترین بەرزبوونەوەی لە ئاستی بەرزترین پلەی گەرما تۆمارکردووە، کە 0.34 پلەی سیلیزییە لە هەر دەیەیەکدا.

گۆڕانکارییەکان لە نزمترین پلەی گەرما – پلەی گەرمای شەو

بەرزترین هەڵکشان لە نزمترین پلەی گەرما لە تەلەعفەر بووە کە 1.17 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە لە هەر دەیەیەکدا، واتە شەوانی گەرم بووە. دوای ئەوەش عەمارە و خانەقین دێن کە 0.96 پلە و 0.96 پلەی سیلیزی بەرزبوونەتەوە لە هەر دەیەیەکدا.

گۆڕانکاری لە نزمترین پلەی گەرما لە روتبە لە بیابانی رۆژئاوای عێراق، 0.86 پلەی سیلیزییە لە هەر دەیەیەکدا.

لەم لێکۆڵینەوەیەدا دەردەکەوێت، بەرزبوونەوەی نزمترین و بەرزترین پلەی گەرما لە هەموو وێستگەکانی عێراق زۆر لە ئاستی جیهانی زیاترە کە 0.15 پلەی سیلیزییە لە هەر دەیەیەکدا لە دوای ساڵی 1970وە.

جگە لە ناوچەی یەک لە عێراق، دەردەکەوێت کە بەرزبوونەوە لە نزمترین پلەی گەرما (پلەی گەرمای شەوان) زیاترە وەکو لە بەرزبوونەوە لە بەرزترین پلەی گەرما (پلەی گەرمای رۆژ)، ئەمەش بە مانای ئەوەیە کە کەشوهەوای عێراق بەردەوام لە شەواندا گەرمتر دەبێت، هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی جیاوازی لە نێوان بەرزترین و نزمترین پلەی گەرما کەم ببێتەوە.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هاوین و زستاندا

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە شەو و رۆژدا، لە هەردوو وەرزی هاوین و زستاندایە لە هەموو ئەو وێستگانەی چاودێری کراون لە عێراق، بەڵام بەرزبوونەوەکان زیاتر لە هاویندان بەراورد بە زستان.

لەم خشتەیەی خوارەوەدا، هەردوو وەرزی هاوین و زستان جیاکراونەتەوە و تێیاندا بەرزبوونەوەکان لە پلەکانی گەرمادا لەو دوو وەرزەدا خراونەتەڕوو.


 
لێکۆڵینەوەکە دەریدەخات، لە هاویندا بەرزترین پلەی گەرما لە 13 شاردا هەڵکشاوە، هەروەها نزمترین پلەی گەرما لە 14 شاردا هەڵکشاوە.
 
گەورەترین هەڵکشان لە بەرزترین پلەی گەرما لە هاویندا لە بەسرە تۆمارکراوە کە 1.59 پلەی سیلیزییە لە دەیەیەکدا، دوای ئەوە ناسرییە دێت کە 0.96 پلەی سیلیزییە لە دەیەیەکدا. کەمترینیش لە موسڵ تۆمارکراوە کە 0.26 پلەی سیلیزییە لە دەیەیەکدا.

هەروەها، زۆرترین هەڵکشان لە نزمترین پلەی گەرما لە هاویندا (پلەی گەرمای شەو) لە تەلەعفەر تۆمارکراوە کە 1.21 پلەیە لە دەیەیەکدا، کەمترین هەڵکشانیش لە موسڵ تۆمارکراوە کە 0.31 پلەی سیلیزییە لە دەیەیەکدا.

لە وەرزی زستاندا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کەمترە بەراورد بە هاوین، هەڵکشانی زۆری بەرزترین پلەی گەرما لە زستاندا لە 9 شاردا تۆمارکراوە. هاوکات هەڵکشانی نزمترین پلەی گەرمای زستان لە 11 شار تۆمارکراوە.

لە زستاندا، زۆرترین هەڵکشانی نزمترین و بەرزترین پلەی گەرما لە تەلەعفەر تۆمارکراوە بە رێژەی 0.96 پلە و 0.71 پلە لە دەیەیەکدا.

هاوکات لە روتبە، لە بیابانی رۆژئاوای عێراق، دەردەکەوێت نزمترین پلەی زستان 0.6 پلە هەڵکشاوە لە دەیەیەکدا، بەڵام گۆڕانکاریی گەورە لە بەرزترین پلەدا رووینەداوە.

ئەنجامگیری
 
لێکۆڵینەوەکە گەیشتووەتە ئەم خاڵانە:

- لە عێراق، ماوەی 50 ساڵە لە هاوین و زستاندا پلەکانی گەرما لە شەو و رۆژدا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان.

- لە هاویندا، جیاوازیی پلەی گەرما لە نێوان شەو و رۆژدا کەمبووەتەوە، بەهۆی ئەوەی پلەی گەرما لە شەواندا گەرمتر بووە.

- لە عێراق، پلەکانی گەرما لە شەواندا خێراتر بەرز دەبنەوە وەکو لە پلەکانی گەرما لە رۆژدا؛ واتە تاوەکو دێت شەو گەرمتر دەبێت.

- پلەکانی گەرما لە باکووری عێراق خێراتر بەرز دەبنەوە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق؛ واتە باکووری عێراق لەژێر هەڕەشەی زیاتری گۆڕانی کەشوهەوادایە.

- شەپۆلی گەرما لە زیادبووندایە، وەکو ژمارەی شەوانی زۆر گەرم، زنجیرەیەک رۆژی زۆر گەرم، هەروەها ئەو رۆژانەی کە پلەی گەرمایان لە 95% بۆ 99%ی هەموو رۆژەکانی دیکەی ساڵ بەرزترە، لە زیادبووندایە.

- شەپۆلی سەرما لە باکووری عێراق و لە بەغدا کەمبووەتەوە.

- شەپۆلەکانی گەرما لە باکووری عێراق زیاتر لە هەڵکشاندان.

- تێکڕای نزمترین پلەی گەرما لە عێراق لەنێوان 0.48 پلە بۆ 1.17 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە.

- بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە عێراق دوو بۆ حەوت هێندە خێراترە لەو بەرزبوونەوەیەی لە جیهاندا هەیە کە 0.15 پلەیە لە هەر دەیەیەکدا لە ساڵی 1970وە.

- پلەکانی گەرما لە هاویندا زیاتر بەرزبوونەتەوە بەراورد بە زستان.

- لێکۆڵینەوەکان دەڵێن، دیاردەی گەرمبوونی زەوی زیاتر پلەکانی گەرما لە شەواندا بەرز دەکاتەوە بەراورد بە رۆژ. واتە شەوان زیاتر گەرم دەبێت؛ ئەوەش لە عێراق بە زەقی دەرکەوتووە.

- رۆژ و شەوانی زۆر گەرم کە پلەی گەرما تێیاندا زیاتر بووە لە 95%ی رۆژەکانی ساڵ لە هەموو عێراقدا، بە رێژەی 0.48 بۆ 1.03 رۆژ لە دەیەیەکدا تاوەکو 2.92 بۆ 10.69 رۆژ لە دەیەیەکدا زیادیان کردووە.