دادگەى فیدراڵى سکاڵایەکى لەبارەى نەوتى هەرێمى کوردستان رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدڕاڵیى عێراق سکاڵاى 45 هاونیشتمانیى هەرێمى کوردستانى رەتکردەوە کە لەبارەى رادەستکردنى نەوت پێشکێشیان کردبوو، بەپاساوى ئەوەى سکاڵاکاران بەرژەوەندییان لەو سکاڵایەدا نەبووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، لەبارەى ئەو سکاڵایەوە کۆبوونەوەیەکى کرد کە لەسەر هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیرانی دارایی و نەوتی فیدراڵ و وەزیری سامانە سرووشتییەکان تۆمار کرابوو.
لە سکاڵاکەدا داوای جێبەجێکردنی ئەو هەموارەی یاسای بودجەى عێراقیان کردبوو کە تایبەتە بە رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و داوای فەرمانسالارییەکیشیان کردبوو بۆ ناچارکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو کۆمپانیا راوێژکارییەی کە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان دیاری دەکات.
دادگەى باڵاى فیدڕاڵى عێراق بڕیاردا ئەو سکاڵایە رەت بکاتەوە بە پاساوى ئەوەى ئەو کەسانەى سکاڵاکەیان پێشکێش کردبووە بەرژەوەندییان لە پێشکێشکردنى سکاڵاکە نەبووە.
ئازاد دۆسکی، پارێزەری ئەو سکاڵایە بە رووداوى گوت: "ئەو کەسانەى من بریگرتەیان بووم بۆ سکاڵاکە، فەرمانبەر نەبوون، نوێنەرى یاسایى سەرۆکوەزیرانى عێراق، وەزارەتى نەوت و دارایی فیدڕاڵ وەڵامنامەى خۆیان لەبارەى سکاڵاکەوە ئاڕاستەى دادگە کردبوو."
بەگوێرەی نێوەڕۆکی سکاڵاکە داوا لە دادگەی باڵای فیدراڵی کراوە سکاڵالێکراوان ناچار بکات کە بەندى (ج) لە مادەی 12ـی یاسای بودجە و هەموارەکەی جێبەجێ بکەن. بە گوێرەی هەموارەکە، بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت، تاوەکو لە ماوەی 60 رۆژ لە کارابوونی یاساکەدا، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بە رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لایەنێکی راوێژکاریی تەکنیکیی نێودەوڵەتی دیاری بکات.
ئەو لایەنە راوێژکارییە ئەرکی ئەوە دەبێت تێچووی خەمڵێنراوی "دادوەرانە"ـی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەر کێڵگەیەکی نەوتیی هەرێمی کوردستان بەجیا بخەمڵێنێت.
ئازاد دۆسکی گوتی: "بڕیارى دادگە لەبارەى سکاڵاکەم رەتکردنەوە بوو نەک یەکلاییکردنەوە، بۆیە بەگوێرەى یاسا دەتوانم جارێکى دیکە سکاڵا لەسەر هەمان دۆسیە پێشکێش بکەمەوە"
هەمواری یاسای بودجەی گشتی لە 17ـی شوباتی 2025 کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە دوای ئەوەی لەو رۆژەدا لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاو کرایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە کردارى نەوتى هەرێمى کوردستان رادەستى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق ( سۆمۆ ) نەکراوە.