کشتوکاڵی عێراق بۆ رووداو: کەمبارانی بەردەوام بێت، پلانی کشتوکاڵی نامێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری فەرمانگەی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، بڕی ئاوی کۆگاکراو بەجۆرێک کەم بووەتەوە کە ئیدی دەبێ زیاتر بۆ خواردنەوە بەکاربهێندرێ و خەریکە نەتوانرێ بۆ کشتوکاڵ سوودی لێوەربگیرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2025 د. یاسر حەسەن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ ئەم ساڵ پلانی کشتوکاڵی بە دوو قۆناخ دەبێت. قۆناخی یەکەم پەیوەندیی بە ئاوی بیرەکان و سیستمی نوێی ئاودێرییەوە هەیە، نزیکەی 3 ملیۆن و 500 هەزار دۆنم لەو زەوییانەی پشت بەو سەرچاوانەی ئاو دەبەستن خراونەتە نێو پلانی کشتوکاڵییەوە."
 
د. یاسر حەسەن گوتی، "قۆناخی دووەم لە مانگی 10 دەستپێدەکات و ئەم بەشە ئەو زەوییانە دەگرێتەوە کە پشت بە ئاوی رووبار و بەنداوەکان دەبەستن و رووبەرەکەی نزیکەی دوو ملیۆن دۆنمە."
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، پار نزیکەی 6 ملیۆن دۆنم زەوی لەنێو پلانی کشتوکاڵیدا بوو.
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی پلاندانان ئاماژەی بەوە کرد: "ساڵانی رابردوو رووبەری کشتوکاڵکردن و پلانی کشتوکاڵی 7 بۆ 8 ملیۆن دۆنم بوو، بەڵام کەمبارانی و وشکەساڵی وایکردووە رووبەرەکە ساڵ بە ساڵ کەمتر ببێتەوە."
 
د. یاسر پێشبینی دەکات، ئەگەر بارانبارینی ئەم ساڵ و ساڵانی دواتر هاوشێوەی پار یان کەمتر بێت، ئەوا ئەگەری هەیە "پلانی کشتوکاڵی بەتەواوی نەمێنێت."
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی پلاندانان گوتیشی، "بڕی ئاوی کۆگاکراو ئێستا نزیکەی 8 ملیار مەتر سێجایە و کەمترین بڕە لە مێژووی عێراقدا."
 
بە گوتەی د. یاسر، بڕی ئاوی کۆگاکراو هێندە کەمە "وای لێهاتووە تەنیا بۆ خواردنەوە بەکاربهێندرێت و خەریکە ئیدی نەتوانرێت بۆ کشتوکاڵ سوودی لێوەربگیرێ. بۆ زیادبوونی ئەو بڕەش پێویستیمان بە بارانبارینی باشە لە پاییز و زستاندا."
 
کێشەی کەمئاوی ساڵانێکە بەرۆکی عێراقی گرتووە. عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو رۆژی 4ی مانگی رابردوو رایگەیاند: "ساڵی 2025 بە یەکێک لە سەختترین ساڵەکان دادەنرێ کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە لەڕووی ئاوەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی کەمبوونەوەی ئاوی هاتوو لە وڵاتانی سەرچاوەوە."
 
لە 11ی مانگی رابردووشدا، سەڵاح حاج، نوێنەری رێکخراوی فاو لە عێراق بە رووداوی گوت: "وشکەساڵیی ئەم ساڵ لە خراپترین ئاستدایە کە لە ساڵی 1933ـەوە عێراق بەخۆیەوە بینیبێتی."