رێکارەکانی کۆمیسیۆن؛ دوو بەربژێر ئاگادار دەکرێنەوە، سکاڵایەکیش لە دژی بەربژێرێکی پارتی رەتکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دوو بەربژێر ئاگادار دەکاتەوە کە لە 72 کاژێردا بیسەلمێنن فەرمانی دەستگیرکردنیان نییە، بەربژێرێکی دیکەش لەسەر سکاڵاى پەرلەمانتارێک دووردەخرێتەوە. هەروەها سکاڵایەک لە دژی ژنە بەربژێرێکی پارتی رەتدەکرێتەوە.
ئەو دوو بەربژێرەی ئاگادار کراونەتەوە، کە بێتاوانی خۆیان بسەلمێنن لەو تۆمەتانەی کە ئاراستەیان کراوە، یەکێکیان محەممەد موهەننەد جاسم، بەربژێری هاوپەیمانیی ئەنبار هەویەتونایە لە پارێزگای ئەنبار. کۆمیسیۆن بەفەرمی داوای لێکردووە بەڵگەی پێویست پێشکێش بکرێت کە بیسەلمێنێت فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی ئەنباری تایبەت بە دۆسیەی تیرۆر نییە، کە بە گوێرەی سکاڵاکە فەرمانی دەستگیرکردنی لە ساڵانی 2019 و 2021 لەدژی دەرچووە.
بەربژێرەکەی دیکەش ناوی ئەحمەد عەبد حەمموود لە هاوپەیمانیی عەزم لە بەغدا ئاگادارکراوەتەوە کە بەڵگەنامەی پێویست پێشکێش بکات و بیسەلمێنێت بە گوێرەی مادەی 456 و 432ی یاسای سزادانی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرنەچووە. ئەو دوو مادەیە تایبەتن بە هەڕەشەکردن بە زارەکی یان بە کرداری لەگەڵ فێڵکردن بۆ بردنی پارە.
نووسراوەکان لە 24ی ئەیلوولی 2025 لە ماڵپەڕی کۆمیسیۆن بڵاوکراوەتەوە و لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەدا هاتووە کە دەبێت لە ماوەی 72 کاژێر دوای بڵاوکردنەوەی بڕیارەکە ئەو دوو بەربژێرە بەڵگەنامەکانی سەلماندنی بێتاوانبوونیان بدەنە کۆمیسیۆن.
حەسەن زایر، ئەندامی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کەسانە دەبێت لەو ماوەیەی بۆیان دیاریکراوە بەڵگەنامە پێشکێش بکەن، کە پێچەوانەی ئەوە بسەلمێنێت کە لە سکاڵاکەدا لەدژیان تۆمار کراوە."
بە گوێرەی نووسراوێکی دیکەی کۆمیسیۆن، سکاڵایەکی عیسا ئەحمەد عەبدولستار لە دژی شەرمین نەجیب عەبدولموڕاد، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک رەتکراوەتەوە.
هەروەها لەسەر بنەمای سکاڵایەکی مستەفا سەنەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، سەجا بەیاتى، بەربژێری هاوپەیمانیی تەفەوق لە پارێزگای سەلاحەدین دوورخراوەتەوە بە پاساوی ئەوەی پابەند نەبووە بە بنەماکانی هەڵسوکەوتی بەربژێران.
سەجا بەیاتى بە رووداوى گوت: "تانە لە بڕیارى دوورخستنەوەم دەدەم لەبەر ئەوەى بڕیارەکە لەسەر بنەماى چەند وێنەو ڤیدیۆیەک بووە لە تۆڕى کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە کە بە ژیریی دەستکرد دروستکراون و لە دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراقیش، سکاڵام لەبارەیەوە تۆمار کردووە".
حەسەن زایر رایگەیاند: پرۆسەی دوورخستنەوەی بەربژێران لەسەر هەڵسوکەوتە نایاساییەکان تاوەکو هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت.
11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دیاری کراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، رۆژێک بەر لەوە دەنگدانی تایبەت دەکرێ.
نزیکەی 8 هەزار کەس خۆیان بەربژێر کرد بۆ ئەو هەڵبژاردنە و تاوەکو 17ی ئەیلوول 7787 بەربژێر مابوونەوە.